Zana Natık Kerem
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەیاد رافد راگەیاند "ئەو باران بارینە كە ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە، خیوەتی ئاوارەكانی كەمپی خازر، رۆژهەڵاتی مووسڵی گەمارۆداوە".
بەپێی كەشناسی عێراق، تا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو باران بارین لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
ئەیاد رافد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەیان خیوەتی ئاوارەكانی مووسڵ لە كەمپی خازر بەهۆی ئاوی ئەو بارانەی كە ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە گەمارۆدراون كە ئەمەش ئەوەندی دیكە رەوشی مرۆیی ئاوارەكانی خراپتر كردووە".
ئەندامەكەی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی ئاماژەی بەوەش دا كە لەوانەیە بەهۆی بەردەوامی باران بارین و سەرما و سۆڵە و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، نەخۆشی لە نێوان منداڵانی ئاوارەكاندا بڵاو ببێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە دەستەی كەشناسی عێراق كە دەزگایەكی فەرمییە ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند كە باران بارین لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان تا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
دەستەی كەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە كە لە ژێر كاریگەری دابەزینی پلەكانی گەرما و هەڵکردنی گەردەلوول لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، باران بارینی بە بروسکە و چەخماخە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.