Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوە راگەیەنراوی (بۆردی مەدەنی، بۆ چاودێری بوودجەی گشتی 2017ی عێراق) خوێندرایەوە و تێیدا بۆردەكە رایگەیاندووە "ئاشكرایە پرۆژە یاسای بوودجەی 2017ی عێراق بە دەستەبەكردنی كۆمەڵێك مافەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم و پێشمەرگە چەسپاوە، تا ئێستاش چەند جارێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی ئەوەی كردۆتەوە كە پابەند نابن بەو پرۆژە یاسایەیە و خۆیان دەتوانن داهاتی زیاتریان دەست بكەوێت. لەو روانگەشەوە ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم و فراكسیۆنەكانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە دەكەن و داتا و بەڵگەكانیان بۆ یەك دەخەنەڕوو".
بۆردی چاودێری بوودجەی عێراق لە یاداشتەكەیدا چەند داواكارییەكی خستووەتەڕوو:ـ
- داوكارین ئەو داتا و زانیاریانە هەر لایەك لەوان (حكوومەتی هەرێم و چوار فراكسیۆنەكە) هەیانە، بۆ رای گشتی بیخەنە روو هەتا هاووڵاتییان و شارەزایان و رێكخراوەكانیش ئاگاداری تەواوی ووردەكاریەكان و بەڵگەكانی هەردوو لابن .
- لەدوای ئەوەی بەڵگە و داتاكان بووە هۆی قەناعەت پێهێنان، هەر لایەك لەوان (حكوومەتی هەرێم و چوار فراكسیۆنەكە) كە بەڵگە و داتاكانیان بە ئاقاری چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێم و بە سوود و قازانج بۆ خەڵك گەڕایەوە، ئەوە كاری لەسەر بكرێت و تەبەنی بكرێت.
- داوكارین لە چوار لایەنی سیاسی (یەكێتی – گۆڕان – یەكگرتوو- كۆمەڵ) كە پشتگیری بەردەوامی فراكسیۆنەكانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن، هەتا ئەو كاتەی بەڵگەكانیان بۆ چارەسەركردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان لە پێش حكوومەتی هەرێمەوەیە ..
لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، كاوە محەمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەفتەی پێشوو لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە و بیروڕای خۆمان گۆڕیەوە و قسەمان لەسەر ئەوە كرد چۆن چارەسەرێك بۆ كێشە و مووچەی خەڵك بدۆزینەوە، ئێمە پێمان وایە یاسای بوودجە جێبەجێكردنەكەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە و ئەوەشمان بە داتا و روونكردنەوە خستە روو".
كاوە محەمەد هەروەها گوتی: "پێمان گوتن ئێمە دوو بژاردەمان لەبەردەمدا نییە كە بڵێین یاساكە جێبەجێ بكەین یان نەیكەین، تاكە بژاردەیەك لەبەردەممان جێبەجێكردنی یاساكەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێم و ناردنی وەفدە بۆ بەغدا بۆ جێبەجێكردنی یاساكە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئەوەیان بۆ دەركەوتووە كە حكوومەتی هەرێم ئامادەی جێبەجێكردنی یاساكە نییە و پێشتریش ئەو گومانەیان هەبووە و بە كۆمەڵێك داتا باسیان لەوە كردووە كە مانگانە لەو بڕە پارەیە زیاتریان دەست دەكەوێت كە مانگانە نیوەی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم نەرمی نیشانداو بڕیاری دا وەفدێك رەوانەی بەغدا بكات بۆ لێكۆڵینەوەی جددی مەیدانی لەسەر پرسی داهاتەكان كە لەبەغداوە دەستی دەكەوێت، هیوادارین حكوومەتی هەرێم ئەو نەرمییە جێبەجێ بكات و هەوڵەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت".