Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی دواین ئاماری ئاوارەكانی مووسڵ و دۆخی ژیانیان و هاوكاری حكوومەت و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكان دوا.
دەرباز محەمەد سەرەتا لە بارەی دوایین ئامار و رەوشی ئاوارەكانەوە گوتی: "پڕۆسەی ئاوارەبوون لە رۆژی 17 مانگی ئۆكتۆبەرەوە بەردەوامی هەیە و تاوەكو ئێستا ئەو ژمارەیەی لای ئێمەیە گەیشتووەتە 132 هەزار كەس كە بەشی زۆریان لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵەوە هەڵاتوون بەتایبەت گەڕەكە ئازادكراوەكانی ناو شارەكە، بەحوكمی ئەوەی پڕۆسە سەربازییەكانی ئازادكردنی ناوچەكانی ناو شار ئاڵۆزترە بەهۆی بۆردومانی داعش و ئەوەی ماڵەكان بوون بە بەشێك لە هێڵی جەنگ لە نێوان هێزەكانی ئێمە و داعشدا".
هەروەها گوتی: "ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ئەو ژمارەیە لە كەمپەكان نیشتەجێكراون و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سەربازی گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەكان و بەهاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و نەتەوەیەكگرتووەكان توانیومانە تائێستا لەژێر كۆنترۆڵدا بن لە بابەتی فریاگوزاری و داڵدەدانیان لە كەمپەكان".
بەگوتەی ئەو وەزیرەی حكوومەتی عێراق، وەزارەتەكەیان لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگی رزگاركردنی مووسڵدا بەهاوبەشی نەتەوەیەكگرتووەكان پلانی بۆ ئاوارەبوونی 500 هەزار كەس لە دانیشتووانی مووسڵ دانابوو و، گوتی: "لەو پێشبینیەی ئێمە تائێستا 25 لەسەدی روویداوە و پێشبینی ئەوە دەكەین 350 هەزار كەسی تری دانیشتووانی شارەكە ئاوارە ببن، ئەوەش تەنها پێشبینییە و بەڕێوەچوونی پڕۆسە سەربازییەكان دەستنیشانی دەكات ئایا خەڵك زۆر ئاوارە دەبێت یان نا، ئێمە سەرەتا پێشبینی ئەوەمان دەكرد لە دوو مانگی یەكەمدا ژمارەیەكی زۆرتر ئاوارە ببن لەو ژمارەیەی ئێستا، بەڵام تائێستا سێ قەزا ماوە بەعاج و حەزەڕ و تەلەعفەر و بەشی زۆری ناوشاری مووسڵ ماوە و ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارەی لێدەكەوێتەوە".
سەبارەت بە ئاستی هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەلایەن حكوومەت و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، دەرباز محەمەد لەوەڵامدا گوتی: "پلانەكەمان لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان هاوبەشە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكان و وەزارەتە تایبەتمەندەكان ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەدەین. لە بارەی دۆخی ئاوارەكانەوە سەرەتا ئاوارەبوون بۆخۆی مەینەتییە بەتایبەت لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیەدا كە هەموو هەوڵێكمان داوە ئەو كەرەستە و پێداویستیانەی لەبەردەستماندایە بتوانین كێشەی سەرما كەم بكەینەوە، بەڵام لەئەنجامدا بە نیسبەت خێزانەكانەوە ناڕەحەتییەكی زۆرە و ئێمەش ئەوەی بە ستانداردی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكرێت لە جیهاندا پێداویستییەكانمان دابین كردووە و بەردەوام دەبین".
وەزیری كۆچی عێراق ئاماژەی كرد بەوەی، بە گوێرەی راپۆرتەكان دۆخی ئێستای ناو شاری مووسڵ لە ئاستی پێویستدا نییە و دۆخێكی خراپیان هەیە، ئەو كەسانەشی لە شارەكە ماونەتەوە گەمارۆ دراون و دۆخێكی خراپیان هەیە بە دەست داعشەوە و رۆژانە كوشتارگە دژی هاووڵاتییان بەڕێوەدەچێت.
لە ساڵی 2014ەوە و بەهۆی دەستپێكردنی هێرش و پەلامارەكانی داعشەوە، پڕۆسەی ئاوارەبوونی دانیشتووانی شارەكانی مووسڵ و سەڵاحەددین و ئەنبار و دیالە بەرەو ناوچەكانی تری عێراق دەستی پێكرد و زۆربەیان روویان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
وەزیری كۆچی عێراق لە بارەی ئاماری كۆی گشتی ئاوارەكانەوە رایگەیاند "ژمارەی ئەو كەسانەی وەك ئاوارە تائێستا لە لای ئێمە تۆماركراوە گەیشتووەتە چوار ملیۆن كەس، بەڵام لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەسیان گەڕاونەتەوە ناوچە ئازادكراوەكانی خۆیان".
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی كۆچی عێراق تۆماركراون بەهۆی جەنگی داعشەوە لە ساڵی 2014 ەوە تائێستا 100 هەزار خێزان (نزیكەی 500 هەزار كەس) لە ناو كەمپەكان لە عێراقدا دەژین.