Hemin Hüseyin
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی: "پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد و خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تریشی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد، كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پەیامێکی بڵاوکردەوە.
پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە: "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم".
بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە بەهۆی پەلاماری تیرۆریستان بەشێكی كریستییانەكان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و هیوادارە پاش تێكشكاندنی تیرۆر و نەمانی هەڕەشەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تیایدا هاتووە: "بەهۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، هیوادارم پاش تێكشكاندنی تیرۆر و نەمانی هەڕەشەكان بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە کریستیانەکان لەوەی پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد ومەسیحیی و پێكهاتەكانی دیکەی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد و دەڵێت: "لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم كە خوشك و برا كریستییانەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە كوردستان كرد و خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تریشی پاراست و ناوچەكانی ئازاد كرد، كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و بەهاكانی پێكەوەژیان دەمێنێتەوە. لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێكبدات".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەی دەڵێت: "هیوادارم ئهم جهژنه ببێته مایهی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوەی ئازیز و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن".