Heman Hussein Yaseen
03 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
ههولێر - AA
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە کۆنسولی گشتیی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات)، ئەحمەد ئیبراھیم ئەلزاری.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا کۆنسولی گشتیی ئیمارات سڵاو و رێزی سەرۆک و سەرۆکوەزیران و جێنشینی ئەبو زەبی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راگەیاند و بانگھێشتنامەیەکی جێنشینی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی باڵای ھێزە چەکدارەکان، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان، بۆ سەردانی ئیمارات رادەستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد کە تیایدا خواستی ئیماراتی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سڵاو و رێزی خۆی بە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان گەیاند و سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیانی بە بانگھێشتەکەیان دەربڕی و رایگەیاند لە کاتێکی گونجاودا بۆ ھەردوولا سەردانەکە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا پەیوەندی و دۆستایەتیی عێراق و ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرکردایەتی و حکوومەت و گەلی ئیمارات بەرز نرخاند.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەکردووە کە تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق بەگشتی، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات و گرنگیی زیاتر پەرەپێدانیان لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.