Behçet Alkan
16 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
نه‌وشه‌هر - AA
ناوچه‌ی كاپادۆكیا كه یه‌كێكه له گرنگترین ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی توركیا و به تاوەرەكانی په‌ری و پێكهاته‌ی سروشتیی به‌ردینی دۆڵه‌كان و شاری ژێر زه‌وی و گه‌شتی باڵۆن به‌ناوبانگه، له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه گه‌شتیار رووی تێ ده‌كه‌ن.
ئه‌م جوانییه سروشتییه له ئه‌نجامی داخورانی پاشماوه‌ی گڕكانی چیاكانی ئه‌رجیه‌س، چیای حه‌سه‌ن و چیای گوللو كه به‌رله ملیۆنەها ساڵ ته‌قیونه‌ته‌وه، به هۆی توندەبا و بارانه‌وه دروست بوون و وای كردووه گه‌شتیارێكی زۆری بیانی رووبكاته ناوچه‌كه.
ناوچه‌كه ناوی له لیستی میراسی كولتووری جیهاندایه له رێكخراوی UNESCO و به‌م ساڵانه‌ی دوایی ژماره‌یه‌كی زیاتر گه‌شتیار رووی تێده‌كات.
رۆژانه له به‌یانییه‌وه پاسی گه‌شته‌كان، گه‌شتیاران دهگەیەننه ته‌واوی شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی كاپادۆكیا له‌وانه؛ ئورگوپ، گۆره‌مه، ئۆچهیسار، چاووشین، زهلڤه، پاشاباغی و چه‌ندین شوێنی دیكه كه به‌چڕی تاوەرهكانی په‌ری تیادا ده‌بینرێت و گه‌شتیاران چه‌ندین وێنه‌ی یادگاریی تیادا ده‌گرن.
- "هه‌سته‌كه‌م له جیهانی خهونهكاندام"
گه‌شتیاری ئه‌مریكی، جه‌یمس باڵچ كه به‌نێو تاوەرەكانی په‌ریدا ده‌گه‌ڕا، بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە پێكهاته‌ی كولتووری و مێژوویی و سروشتی كاپادۆكیا پێویسته ببینرێت و گوتی:
"ئێره شوێنیكی زۆر به‌ناوبانگه، له‌به‌رئه‌وه گوتم پێویسته بچین بۆ كاپادۆكیا. كاپادۆكیا خاوه‌ن دیمه‌نێكی ناوازه‌یه. هه‌سته‌كه‌م شوێنێكی راسته‌قینه نییه و له جیهانی خهونهكان یان له هه‌ساره‌یه‌كی دیكه‌م. دۆڵ و پێكهاته بهردینییهكان زۆر سهنجڕاكێشن. به‌ڕای من پێویسته هه‌مووان سه‌ردانی ئێره بكه‌ن".
گه‌شتیاری هیندستانی، ئاداتیا ئاریا باسی له‌وه كرد كه به‌شداریی له رۆیشتنی ناو دۆڵه‌كه‌دا كردووه و به گه‌شتی باڵۆنیش توانیویه‌تی ته‌ماشای دیمه‌نه‌كانی ناوچه‌كه بكات له ئاسمانه‌وه.
ئاداتیا ئاریا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سه‌ردانی وڵاتی جیاجیای كردووه، به‌ڵام له‌نێویاندا كاپادۆكیا به سهرنجڕاكێشترینیان ده‌زانێت.
- "هه‌مووان پێویسته بێنه كاپادۆكیا"
ئیدفی پانزانی كه له ئیندۆنێزیاوە سه‌ردانی كاپادۆكیای كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە دوو رۆژه له ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن و گوتی: "هه‌موو كه‌س ده‌توانێت به‌م شوێنه بڵێت جوانه، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت پێناسه‌یه‌كی جیاوازی بۆ بكه‌م. پێكهاته بهردینییهكان و پێكهاته كولتوورییه‌كه‌ی ناوازه‌یه. هه‌مووان پێویسته بێنه كاپادۆكیا".
مایك برێنن گه‌شتیارێكی دیكه‌ی ئه‌مریكییه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێشتر وێنه‌ی كاپادۆكیای بینیوه، به‌ڵام له‌و كاته‌وه پێی ناوه‌ته نێوی، به‌سه‌رسامییه‌وه ته‌ماشای دیمه‌نه‌كان ده‌كات.
- "گه‌شتی باڵۆن زۆر سه‌رنجڕاكێشه"
رێبه‌ری گه‌شتیاری خاوه‌ن ئه‌زموون، مورات دینچ كه رێبه‌ری گەشتیارانی بیانی ده‌كات له ناوچه‌كه رایگه‌یاند، كاتێك ناوچه‌كه به گه‌شتیاره بیانییه‌كان ده‌ناسێنێت، سه‌رسامی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.
رێبه‌ری گه‌شتیاری، مورات دینچ گوتی: "ئه‌گه‌ر به‌شداریی بکەیت لە گه‌شتێكی 10 رۆژی بۆ كاپادۆكیا، ده‌توانیت گه‌شتی باڵۆن ئه‌نجام بده‌یت، به ئۆتۆمبێله تایبه‌ته‌كان ناوچه‌كه بگه‌ڕێیت، ده‌توانیت به‌پێ بگه‌ڕێیت به‌نێو دۆڵه بهردینییهكاندا كه یه‌ك له‌یه‌كتر سه‌رنجڕاكێشترن. ده‌توانیت سه‌ردانی شاره‌كانی ژێر زه‌وی بكه‌یت. هه‌روه‌ها ده‌توانیت به شه‌و و به‌ڕۆژ به‌شداری له چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆردا بكه‌یت".
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی راكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیارن به‌لای كاپادۆكیادا، ئه‌وه‌یه كه له جیهاندا هاوشێوه‌ی نییه. یه‌كێكی دیكه‌ش له هۆكاره‌كان گه‌شتی باڵۆنه.