Hemın Othman Mohammed
08 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا، نوێل لۆگریتی رایگەیاند: "بەشداری پێنەكردنی كەریم بنزیما لە پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپادا (یۆرۆی 2016) پەیوەندی بەو دۆسیەوە هەیە كە لەسەری كراوەتەوە".
لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی تەلەفزیۆنی BFMی وەرزشی، لۆگریتی باسی لە وەرنەگرتنی بنزیما كردووە لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا و پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆرۆ 2016).
لۆگریتی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە بنزیما بەهۆی ئەو دۆسیەیەی لەسەری كراوەتەوە خراوەتە دەرەوەی و گوتی: "وەرنەگرتنی بنزیما خۆی لە خۆیدا سزایەكی قورسە بەپێی پێویست. من حەز بە سزادان ناكەم. هەرگیز ناتوانیت كەسیك دووجار بكوژیت".
لۆگریتی، هەڵسەنگاندنی بۆ گوتەكانی بنزیما كرد كە فەڕەنسای بە رەگەزپەرست تۆمەتبار كردبوو و گوتی: "لە فەڕەنسادا رەگەزپەرست هەیە، نكۆڵی لەوە ناكرێت. لە كۆمەڵگادا كەسانێك هەن كە هیچ كەس خۆشی لێیان نایەت، بەڵام وەرنەگرتنی بنزیما پەیوەندی بەو دۆسیەوە هەیە كە لەسەری كراوەتەوە".
هاوكات لۆگریتی هیوای خواست ئەو سزایەی بەسەر بنزیمادا سەپێنراوە هەمیشەیی نەبێت و گوتی: "بنزیما یاریزانێكی باشە، نامەوێت شتێكی پێچەوانەی لەبارەوە بڵێم، هیوادارم رۆژێك دووبارە وەربگیرێتەوە. دژی سزای هەتا هەتایم، شتێكی لەو شێوەیە نییە".