Sangar Hamad Azeez
08 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2016
کۆتایی بەو قەیرانە هات کە چەندین مانگە لە نێوان یانەی چێڵسی بریتانی و راهێنەر خۆزێ مۆرینهۆ لەگەڵ پزیشکی پێشوی یانەکە ئێڤا کارنێرۆ هەبوو.
دوێنێ یانەی چێڵسی بڕیاری دا بڕی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پاوەند وەک قەرەبوو بداتەوە پزیشکی پێشووی یانەکە ئێڤا کارنێرۆ بەڵام ئەو پزیشکە قبووڵی نەکرد و ئەمڕۆ بە فەرمی یانەی چێڵسی داوای لێبوردنی لە پزیشکەکە کرد.
لە روونکردنەوەکە یانەی چێڵسی رایگەیاند: "داوای لێبوردن لە ئێڤا کارنێرۆ و بنەماڵەکەی دەکەین، ناوبراو کاتێک لە یانەکە کاری دەکرد، زۆر بە پەرۆش بوو، هیچ کاتێکیش کارێکی نەکردووە لە دەرەوەی یاسا بێت، هیوادارین لە ژیان و کاری داهاتووی سەرکەوتوو بێت".
لە بەرامبەردا ئەو پزیشکەش رایگەیاند: "کاتی ناخۆشمان بەڕێ کرد لەگەڵ بنەماڵەکەم بەڵام ئێستا بە پەرۆشم بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە بە ژیانێکی ئاسایی".
ئەم روونکردنەوەی ئیڤا-ش دەریخست کە کێشەکان بە کۆتايى هاتوون.
لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، لە یاری نێوان یانەی چێڵسی و سوانزی سیتی کێشە کەوتە نێوان راهێنەری ئەو کاتەی یانەی چێڵسی خۆزێ مۆرینهۆی و پزیشکی یانەکە ئیڤا کارنێرۆ کاتێک ئەو پزیشکە هەوڵی دا چارەسەریی پێکانی یاریزان ئیدن هازارد بکات لە یارییەکە، مۆرینهۆش بە بیانوی ئەوەی کات دەکوژێت، رەخنەی لە پزیشکەکە گرت.
دوا بەدوای یارییەکەش میدیاکان بڵاویان کردەوە کە مۆرینهۆ قسەی بە پزیشکەکە گوتووە و قەدەغەی کردووە لەگەڵ یانەکە لە کورسی یەدەگ دابنێشێت و دواتر کێشەکە گەورە بووەوە و لە بەرامبەردا ئیڤا داوایەکی لەسەر یانەکە و خۆزێ مۆرینهۆ تۆمار کرد.