Şenhan Bolelli,Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2017
مەدرید- AA
دۆسیەی راهێنەری پرتوگالی، خۆزێ مۆرینهۆ کە بەتۆمەتی خۆدزینەوە لە باج لەو سەردەمەدا کە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بووە لەسەری تۆمارکرابوو، دوای پێبژاردن، داخرا.
مۆرینهۆی تەمەن ٥٤ ساڵ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چووە بەردەم دادوەر لەدادگای شارۆچکەی پۆزوێلۆ دێ ئالاکرۆن لە مەدرید و بۆماوەی کاتژمێرێک ئیفادەی لێوەرگیرا. لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: ''پێبژاردنەکەم دا و دۆسیەکە داخرا''.
راهێنەرەکەی یانەی مانچستەر یونایتد رایگەیاند: ''لەساڵی ٢٠١٣دا یانەی ریاڵ مەدریدم جێهێشت و ئەوکاتە هیچ کێشەیەکم لەگەڵ داراییدا نەبوو. دوای چەند ساڵێک پێیان راگەیاندم کە دۆسیەیەکیان لەدژم کردووەتەوە و دەبێت پێبژاردن بدەم. لە دادگا لەگەڵ هیچ کەسێکدا مشتومڕم نەکرد. پارەکەم دا و ئەوەی کە لە من داوا دەکرا واژووم کرد و دۆسیەکە داخرا''.
مۆرینهۆ بە خۆدزینەوە لە باج بەبڕەکانی ملیۆنێک و ٦١١ هەزار ٥٧٣ یورۆ لە ساڵی ٢٠١١دا و ملیۆنێک و ٦٩٣ هەزار و ١٣٣ یورۆ لە ساڵی ٢٠١٢دا تۆمەتبارکرابوو، ئەوەش لە کاتێکدا دێت کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٣دا ناوبراو راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بووە.