Sarmand Hameed
03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
هەولێر-AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، بە کوشتنی سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی، ئەو گرووپە تیرۆریستییە گورزێکی دیکەی بەرکەوت.
مەسرور بارزانی لەبارەی کوشتنی سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی کە شەوی رابردوو لە ئۆپەراسێۆنێکی سەربازیی ئەمریکادا لە سووریا کوژرا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان نووسیوویهتی: "لەناوبردنی تیرۆریست ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی لەم ناوچەیە کە زۆر زیانی پێگەیاندووە، لەلایەن خەڵکی ئێمە بەگشتی و خوشک و برا ئێزدییەکانمانەوە بەتایبەتی پێشوازیی لێدەکرێت".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە: "جینۆسایدکردن و کردەوە تێکدەرانە و وێرانکارییەکانی قوڕەیشی کۆتاییان هات. داعشیش گورزێکی دیکەی بەرکەوت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک و سوپای ئەمریکا بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی، هاوکات نووسیوویەتی: "داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەم بەردەوام بن لە بەرنامەی مەشق و راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق" و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە "هێشتا هەڕەشەی ئەم گروپە تیرۆریستییە کۆتایی نەهاتووە".
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندبوو کە سەربازانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سووریا سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی-یان کوشتووە.
جۆ بایدن لە راگەیەندراوێکدا نووسیبووی: "شەوی رابردوو بە فەرمانی ئێمە، هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، بە ئامانجی پاراستنی گەلی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و گۆڕینی جیهان بۆ شوێنێکی ئارامتر، ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجام دا و توانیان سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی لەناوببەن".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش كردبووهوه کە دواتر روونکردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی لە ٣١ تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن بەناو "ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەتی ئیسلامیی" بە سەرکردەی نوێی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەڵبژێردرا دوای ئەوەی سەرکردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن سوپای ئەمریکا لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا.