Sarmand Hameed
03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
بەغدا-AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو تانەیەی لەبارەی دیارییکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێشکەشی کرابوو، بڕیاریدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتی ئەمڕۆیدا، لەبارەی ئەو تانەیەی لەبارەی دیارییکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێشکەشی کرابوو، بڕیاریداوه.
داوای دیارییکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رادەسپێردرێت، لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار، عالییە نسەییف و عەتوان سەید حەسەن لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، پێشکەش کرابوو.
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا کە رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی رابردوو بەڕێوەچوو، هەریەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی و فراکسیۆنی سەدرییەکان دوو داواکاریان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە هەریەکەیان دەیانویست وەک گەورەترین فراکسیۆن بناسێندرێن.
بە فەرمی تاوکو ئێستا ژمارەی کورسییەکانی هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیکەی ٦٠ کورسییە لە كۆی ٣٢٩ کورسی، بەڵام هەر لەو داوایەی کە بۆ ناساندیان بە گەورەترین فراکسیۆن پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کرد باس لەوە دەکەن کە ژمارەی کورسییەکانیان بە لەخۆگرتنی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەگاتە ٨٨ کورسی، هاوکات بەپێی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، کوتلەی سەدرییەکان ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە و بووە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا.
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دوای پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەکات، لە بەرامبەردا هێزەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە داوای پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقی دەکەن کە سەرجەم هێزە سیاسیە نێو پەرلەمان لەخۆبگرێت.