Hemin Hüseyin
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2018
هەولێر-AA
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، رەتی دەکاتەوە کە ئەوان رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دیار بکەن و ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکات کە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان داوای بوودجەیان کردووە.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و هەڵبژاردن و راپرسی، شیروان زرار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە کۆمەڵێک داواکاریمان گەیاندووەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیارە لە ماوەیەکی کورتدا وەڵاممان بدنەوە، دواتر لە هەفتەی داهاتوو لەدوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمسیۆن، ئەوا بریارە کۆبوونەوەیەک رێکبخرێت لە کۆمسیۆنی باڵا و حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان".
سەبارەت بەو بوودجەیەی کە کۆمسیۆنی باڵا پێویستییەتی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، شێروان زرار گوتی: "ئێمە وەکو بوودجەیەکی خەمڵاندن بڕی ٢٣ ملیۆن دۆلارمان خەمڵاندووە بۆ هەردوو پڕۆسەکە، ئومێد دەکەین بە زووترین کات وەکو لەسەر رێککەوتووین پەسەند بکرێت".
دوێنێ دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کەوا راگەیەنرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسان ئەنجام دەدرێت، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی و هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە هەبێت و گوتی: "حەز دەکەم ئەو روونکردەوەیە بدەین کە ئێمە هیچ رۆژێک دیاری ناکەین، دەسەڵاتی دیاریکردن لە ئیستادا دراوە بە جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەوان بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان رۆژێک دیاری دەکەن، بۆیە ئێمە هیچ شتێکمان لەو بارەیەوە نەخستووەتەڕوو".
شێروان زرار گوتیشی: "ئەمڕۆ کارەکانی ئێمە تەواو بوو، چاوەڕێ دەکەین سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رۆژێک لە هەفتەی داهاتوو دیاری بکات بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵا و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکرێت و باس لە خشتەی پێویست بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لە داواکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەبووە کە ھاوکاریان بن لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چونکە لایەنە سیاسییەکان قسەی جددیان لەسەر تۆماری دەنگدەران ھەیە، ھەفتەی داھاتووش وردەکاری لەبارەی تۆماری دەنگدەران دەخەنەڕوو.