Ömer Aydın,Muhammet Ali Kemal
18 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2017
سترازبۆرگ- AA
دوای ئەوەی بەناوی پارتی گەلی ئەورووپاوە (EPP) بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و لەدوایین ساتەکاندا پشتیوانیی فراکسیۆنی لیبراڵەکانی بەدەستهێنا، پەرلەمانتاری ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ تاجانی بەسەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرا .
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەورووپادا کە لە شاری ستراسبۆرگ رۆژھەڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، ٦ بەربژێر بەشدارییان لە کێبڕکێکانی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەماندا کرد و تاوەکو خولی چوارەمی دەنگدان ھیچ یەکێکیان نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی رەھا بەدەستبھێنن. ھەربۆیە و بەپێی یاساکان رکابەرییەکان لەنێو ئەو دوو بەربژێرەی لە خولی چوارەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنابوو، بەردەوام بوو. لە دەنگدانی دوای ئەوەدا ئەنتۆنیۆ تاجانی، ٣٥١ دەنگی بەدەستھێنا و رکابەرەکەشی بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکان، گیانی پیتێللا ٢٨٢ دەنگی بەدەستھێنا.
لە گوتەیەکیدا بەرلە دەنگدانەکە، تاجانی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەورووپا پێویستی بەگۆڕانکارییە و گوتی: ''پێویستە سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لەهەمووان نزیک بێت و بەڕووی دایەلۆگدا کراوە بێت. باوەڕم بەبۆچوونی یەکێتیی ئەورووپا هەیە. من دەبمە سەرۆکی پەرلەمان نەک سەرۆکوەزیران. ناچارین نزیکتربین لە گەل، پێویستە لە بڕۆکسل خۆمان زیندانیی نەکەین''.
جەختی لەوەشكردەوە کە بەریتانیا لە داهاتوودا دەبێتە هاوبەشێکی گرنگی یەکێتیی ئەورووپا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا وەک نوێنەری فەرمی پەرلەمان هەموو کارەکان بەڕێوەدەبات و سەرۆکایەتی دانیشتنەکان دەکات. ئەمە جگە لەوەی لەهەمان کاتدا لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پەیوەندییە یاساییەکان، سەرۆک وەک نوێنەری پەرلەمان تەماشا دەکرێت. سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بوودجە پەسەند دەکات و لەگەڵ کۆنسەی ئەورووپادا بەهاوبەشی یاساکان واژوو دەکەن تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەکاتێکدا ھەر خولێکی ئەندامێتیی لە پەرلەمانی ئەورووپادا ٥ ساڵە، سەرۆک ھەر ٢ ساڵ و شەش مانگ جارێک دەگۆڕدرێت.
لەنێو دامەزراوەکانی یەکێتییەکەدا، پەرلەمانی ئەورووپا تاکە دامەزراوەیە کە ئەندامەکانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێت و ٧٥١ ئەندامی ھەیە.