Rewa Mahmut Hasan,Hemın Othman Mohammed,Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
18 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
دۆناڵد ترەمپ کە لە ٨ی تشرینی دووەمدا بەسەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا لە مەڕاسیمی سوێندخواردندا کە ماوەی ٢٠٠ ساڵە وەک نەریت لە کۆنگرێسی ئەمریکا پەیڕەو دەکرێت، دەسەڵاتی کۆشکی سپی لە باراک ئۆباما وەردەگرێت.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە بەچڕی ئامادەکاری دەکرێت بۆ مەڕاسیمی سوێندخواردنی ترەمپ کە سێ رۆژ دەخایەنێت و پێشبینی دەکرێت بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تێبچێت. ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی جیھانی ھونەر و سیاسەتی ئەمریکا لەپاڵ خانەوادەی باراک ئۆباما کە پۆستی سەرۆکایەتی رادەستی ترەمپ دەکات بەشداری تێدا دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ٩٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئەمریکی بەشداری لە رێوڕەسمەکەی باخچەی کۆنگرێس بکەن.
ئەو رێوڕەسمە کە تیایدا ترەمپ پۆستی ٤٥ەمین سەرۆکی ئەمریکا وەردەگرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٨٩دا لە نیویۆرک بۆ سەرۆک جۆرج واشنتۆن سازکرا، لەو کاتەوە تا ئێستا بەچەند گۆڕانگارییەکی کەمەوە رێکدەخرێت.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٠٠دا، شاری واشنتۆن بەفەرمی کرایە پایتەختی ئەمریکا، یەکەم رێوڕەسمی سوێندخواردن تیایدا بۆ سەرۆک تۆماس جێفرسۆن رێکخرا.
لە ساڵی ١٨١٧دا کاتێک جەیمس مۆنرۆی پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرت لە واشنتۆن و بە بەشداری ھاووڵاتییانی ئەمریکی لە باخچەی کۆنگرێس ئەو رێوڕەسمە بەڕێوەدەچێت.
رۆژێک پێش ٢٠ی کانوونی دووەم کە رێوڕەسمەکە سازدەکرێت، ترەمپ و جێگرەکەی، مایک پێنس تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی ون لە گۆڕستانی نەتەوەیی ئارلینگتۆن دادەنێن.
دوای مەراسیمی گۆڕستانەکە لە مۆنۆمێنتی لینکۆڵن کە یەکێکە لە سیمبولەکانی ئەمریکا، کۆنسێرتێک لەژێر ناونیشانی "با ئەمریکا مەزن بکەینەوە" دەست پێ دەکات کە دروشمی ترەمپ بوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.
لە کۆنسێرتەکەدا ھونەرمەندی گۆرانیبێژ Toby Keith و گرووپی گۆرانیبێژ ٣ Doors Down و چەندی دیکە بەشداری دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ و مایک پێنس لێرەدا وتارێک پێشکەشی ئامادەبووان دەکەن.
ترەمپ و خێزانەکەی رۆژی ٢٠ی مانگ دەچنە کۆشکی سپی و لەگەڵ ئۆباما و خێزانەکەیدا کۆدەبنەوە.
دوای گفتوگۆیەکی کورت، ترەمپ و ئۆباما لەگەڵ خێزانەکانیان سەردانی کڵێسایەکی نزیک کۆشکی سپی دەکەن و بەشداریی رێوڕەسمێکی ئایینی دەکەن.
دواتر ترەمپ و ئۆباما بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردندا دەچنە کۆنگرێسی ئەمریکا.
نیوەڕۆی ٢٠ی مانگ، ترەمپ لەبەردەم دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا، جۆن رۆبەرتس بەپێی دەستووری ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ١٨٨٤ەوە نوسراوەتەوە سوێند دەخوات.
دەقی سوێندخواردنەکەش ئەمەیە "سوێند دەخۆم، پێگەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەدڵسۆزی بەڕێوەببەم و ئەوەی لە دەستم بێت ئەنجامی بدەم بۆ پاراستنی دەستووری ئەمریکا و بەرگریکردن لێی".
وەک نەریتێک ترەمپ دوای خوێندنەوەی دەقی سوێندخواردنەکە دەڵێت "خودایە یارمەتیم بدە". ھەرچەندە ئەم دەستەواژەیە لە دەستووری ئەمریکادا نەنوسراوەتەوە، بەڵام زۆرینەی سەرۆکەکانی ئەمریکا بەکاریانھێناوە. چاوەڕوان دەکرێت ترەمپیش بەکاری بھێنێت.
ھەروەھا بەشێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا دەستەواژەی "سوێند دەخۆم"یان وەک دەستەواژەی "رایدەگەیەنم" بەکارھێناوە.
جگە لەمەش سەرۆکەکانی ئەمریکا وەک نەریتێک کە سوێندی یاسایی دەخۆن، دەست لەسەر ئینجیل دادەنێن. بێجگە لە تیۆدۆر روزفێڵت و کوینسی ئادامز و چەند سەرۆکێکی دیکە، ھەموو سەرۆکەکان ئەم نەریتەیان پەیڕەوکردووە. ئاماژە بەوەشدەکرێت کە دۆناڵد ترەمپ ئینجیلەکەی ئەبراھام لینکۆڵن بەکاردەھێنێت بۆ سوێندخواردن.
ھاوشێوەی ترەمپ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنسیش لە رێورەسمەکەدا سوێند دەخوات. پێنس بەیاوەری یەکێک لە دادوەرانی دادگای باڵا سوێندەکە دووبارە دەکاتەوە.
لەگەڵ تەواوبوونی رێورەسمی سوێند خواردنەکەدا ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما کۆتایی دێت رێورەسمی ماڵئاواییکردن بۆ خێزانەکەی لە کۆشکی سپی، سازدەکرێت. دواتر بەمەبەستی بەشدارییکردن لە خوانی نەریتیی کۆنگرێس و رێورەسمی رادەستکردنی دەسەڵاتدا لە کۆنگرێسەوە دەچێتە کۆشکی سپی.
بەدرێژایی شەقامی پێنسیلڤانیا لە کۆنگرێسەوە تاوەکو کۆشکی سپی، ھاووڵاتییان بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی نوێ رادەوەستن. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نەیارانی ترەمپ لەو کاتەدا خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
دوای ئەوەی کە ترەمپ بەکاروانێک دەگاتە کۆشکی سپی، قۆناغی نوێی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دەست پێ دەکات و بەو بۆنەیەوە ئاھەنگێکی موزیکی سازدەکرێت. ئاھەنگەکە بەسەماکردنی ھەریەک لە ترەمپ و مێلانیای ھاوسەری، مایک پێنس و ھاوسەرەکەی دەست پێ دەکات و بە بەشداریی ھونەرمەندان و گرووپەکانی سەما درێژەی دەبێت.
رۆژی ٢١ی کانوونی دووەم لە کڵێسای نیشتمانیی واشنتۆن رێورەسمێکی ئایینی کە لە ساڵی ١٩٣٣ەوە ئەنجامدەدرێت، سازدەکرێت. دوای رێورەسمەکەش ترەمپ وەک ٤٥ەمین سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت.
لە ئێستادا رێوشوێنێکی ئەمنی توند دەگیرێتە بەر لە ماوەی سێ رۆژدا لە واشنتۆن. ھەر لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی ٢٨ ھەزار پۆلیس و ٧ ھەزار سەربازی یەکەکانی پاراستنی نەتەوەیی ئەرکیان پێ سپێردراوە .
مەراسیمی سوێندخواردنەکە لە بینای کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت و دواتر بۆ بینینی مەراسیمەکە تا کۆشکی سپی ٩٠٠ ھەزار کەس لە واشنتۆن دەبن.
ھاوشانی ئەمانە چەندین کەس پرۆتەستۆی ترەمپ دەکەن لەکاتی بەرێوەچوونی مەراسیمی سوێند خواردنەکەدا و ھەر بەوھۆیەشەوە رێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرێتە بەر.
لەکاتێکدا بانگھێشتنامە ئاراستەی زۆر لە ھونەرمەندەکان کرابوو، بەڵام بەھۆی سووکایەتی و جیاکاریەکانی ترەمپەوە، رەتی دەکەنەوە بەشدار بن لەو مەراسیمەدا.
لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا ھونەرمەندی ئۆپێرا، جاکی ئیڤانچۆ، گروپی دانس و ئۆرکسترای مۆرمۆنو تۆبی کەیتس و ٣ دۆرس داون بەشدار دەبن.