Hemin Hüseyin
06 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2018
هەولێر-AA
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری داهاتووی عێراقدا، تورکمانەکانی هەولێر بە لیستێکی تایبەت بەشداری دەکەن کە پێنج کاندید لەخۆ دەگرێت و داواش دەکات کە تورکمانەکانی شارەکە پشتیگری لە لیستەکە بکەن.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو نەتەوەی تورکمان کە نەتەوەیەکی گرنگە و بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم. دەمانەوێت بە شێوەیەکی کارا بەشداربین بۆ ئەوەی ئەو پێکەوەژیانە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا داوامان کردبوو کە مافێکی سروشتی خۆمانە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێ بدرێت و پێویستە گرنگی بە بەشداری نەتەوەی تورکمان بدرێت".
تاوەکو ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاریینەکراوە و دەنگۆی ئەوە هەیە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داهاتوو کە هاوکات دەبێت لەگەڵ کۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمان، ئەنجامبدرێت و لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف گوتی: "پێدەچێت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوول ئەنجام بدرێت و ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەین کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".
لەبارەی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق، ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە یەکەم لیستی تورکمانین بەناوی بەرەی تورکمانی لە هەولێر کە بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق دەکەین و ئەمەش بۆ تورکمانەکانی هەولێر گرنگە و دەبێت گرنگی پێ بدەین. بۆیە ئێمە بە پێنج کاندید بەشدارین و ئامانجیشمان ئەوەیە کە دوو لەو کاندیدانە بچنە پەرلەمانی عێراق و ئێمە تاکە لیستین و هیچ لیستێکی دیکە نییە لە هەولێر، بۆیە پێویستە لایەنە تورکمانییەکانی دیکەش پشتگیریمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوین".
ئایدن مەعروف کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە هەنگاوێکی باش دەزانێت و پێی وایە کاریگەری سیاسیی و ئابووری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بە باش دەزانین و پشتیوانییەکی گەورەی لێ دەکەین چونکە تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و باشبوونی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە. بەتایبەت دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و تورکیا ئەوا هەست دەکەین پەیوەندییەکە لە ئاستێکی باش دایە لە رووی سیاسیی و بازرگانییەوە کە ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە".