هەولێر - AA
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز پێی وایە، تورکیا کە پشتیوانێکی گەورەی کوردستان بووە و ریفراندۆم لە بەرژەوەندی تورکیا و کوردستان بووە بەڵام ئەمە کراوەتە بیانوویەک و توانرا زیان بە پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا بگەیەنرێ.
کەسایەتی سیاسیی، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پرسە سیاسییەکانی پەیوەنددار بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی هەڵسەنگاند و لێرەدا بەشی دووهەمی دیمانەکە بۆ ئاگاداری خوێنەران و رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
بە بۆچوونی ئەو کەسایەتییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان "ئەو بارودۆخەی کە لەدوای ریفراندۆم رووی دا، کەڵەکەی زۆرێک لە بابەتەکانی دیکە بوو، بەڵام لەم دەرفەتەدا بۆیان رەخسا و ئەنجامیاندا. هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی کە عێراقی نوێ بێتە کایەوە هەرێمێک بوو نیمچە سەربەخۆ و مامەڵەیەکی نێودەوڵەتی لەگەڵدا دەکرا و وەک هەرێمێکی خاوەن پێگە، ئەگەر ریفراندۆمیش نەبوایە هەر هەلێکی دیکەیان بۆ بڕەخسابوایە هەر وایاندەکرد. ئەوان لێزانانە کارەکەیان کرد، چونکە تورکیا کە پشتیوانێکی گەورەی کوردستان بوو و نزیکبوونەوەیەکی باش هەبوو لە نێوان سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ناحەزانی هەردوولا توانییان لەو خاڵەدا گرفتێکی لەو جۆرە دروست بکەن. ئەگەر نا ریفراندۆم لە بەرژەوەندی تورکیا و کوردستانیش بوو، بەڵام وەکو پێویست لێکتێگەیشتن نەبوو لە نێوانیاندا و ئێستاش پەتیا پەتیا ئەو راستییە دەردەکەوێت".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز دەشڵێت: "لە رابردوودا دۆستەکانی کورد، ئەو پێگەیان نەدا بە کورد بۆ ئەوەی هاوبەشیکی راستەقینە بێت لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی عێراقدا هەر ئەمەش وایکردووە سوننە بە گشتی بە کەمینە بێتە بەرچاو لە بەرامبەر شیعەدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە سەقامگیری لە ناوچەکە دروست نەبێت".
گوتیشی: "پێش رووخانی رژێم و دواتریش کۆبوونەوەکانی لەندەن و سەڵاحەددین بۆ حکوومەتی ئایندەی عێراق، بە راستی کورد نەیتوانی وەک پێویست هەنگاوی خۆی بنێت و دۆستە نیودەوڵەتییەکانی کوردستانیش ئەو پێگەیان نەدا بە کورد کە هاوبەشێکی واقعی بێت، بینیمان کە دوای رووخانی رژێم کاتێک ئەنجوومەنی حوکم دروست بوو، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە زۆربەیان لە کوردستانەوە چوون بۆ بەغدا، بەڵام بەشە بنەڕەتییەکەی ئەو ئەنجوومەنە وەک پێویست نەبوو، چونکە ئەوانەی پشتیوانی پێکهاتەی شیعە بوون، بەهێزتر بوون لە کورد و سوننە هەر بۆیەش کورد و سوننە بەلاواز هاتنە بەرچاو بۆ پێکهاتەی شیعە، ئەگەر بێت و دابەشکردنەکە بۆ سوننە و شیعە بوایە ئەمە ماقوڵ بوو، بەڵام ئەم دابەشکردنە تێکەڵەیەک بوو لە مەزهەبی و نەتەوایەتی، لەم حاڵەتەدا ئێمەیش لەگەڵ سوننەکان بووینە کەمینە و لە هەمانکاتدا پێکهاتەی شیعە دەوڵەتێکی گەورەی لە پشت بوو، ئەو دەوڵەتە گەورەیەش مامەڵەیەکی گەورەی هەبوو لەگەڵ ئیدارەی نێودەوڵەتیدا، دابەشکردنەکە و سەرچاوە گرفتارییەکان لەوەوە روویاندا بە شێوەیەک بوو کە هەرگیز سەقامگیری تیادا نەبێت".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتیشی: "ئەو پۆستانەی دران بە کورد، زیاتر پۆستی تەشریفاتی بوون، بۆ نموونە پۆستی سەرکۆمار، جیا لەوەی کە جەنابی مام جەلال کەسایەتییەکی لێهاتوو بوو، بەڵام پۆستەکە تەشریفاتی بوو، هەتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش کە درا بە سوننە هەروا بوو، چونکە زۆرینەی ناو پەرلەمان شیعە بوون و لەو کاتەشدا جیاوازییەکی زۆریان خستبووە نێوان سوننە و کورد و نەیاندەتوانی یەک دەنگبن لە ئاست سەرجەم رووداوەکاندا. لەبەر ئەوە نادامەزراوەیی و ناسەقامگیری زۆری پێوە دیاربوو هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی کە سەرەڕای ئەو هەموو شایستەی خۆیەوە، کورد لە مووچە و کۆمەڵیک شت بێبەش کرا، جگە لەوەش، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین دوای رووخانی رژێم، سەدام حوسێن لەسەر دۆسیەی دوجێل لە سێدارەدرا و ئەمەش لەبەر بێ خاوەنی دۆزی کورد بوو، چونکە دەبوو سەدام لەسەر پڕۆسەی بەناو ئەنفال و کیمابارانکردنی هەڵەبجە لە سێدارە بدرابوایە. لە هەمانکاتیشدا لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆیی وەکو پێویست نەبوون، ئەو ماڵ جیاییە وای لێهات نەتوانین بەرامبەر ئەو هەموو داسەپاندنەی عێراق بوەستینەوە کە حکوومەتێکی گەورەی وەکو ئێران هەمیشە بۆ ئارستەکردنی راوێژ و هاوکاری لە پشتیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا دۆستەکانی میلـلەتی کورد لە ئاست ئەو هاوکارییە نەبوون، هەتا وای لێهات کوردستان ناچاربوو وەک دوا مەرج کە بیگەیەنێتە سەربەخۆیی ریفراندۆم بوو. ریفراندۆمیش لە رووی یاساییەوە ئەگەر خەڵکەکە دەنگی پێبدات ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێدادەنێت و ئێمەش هەر ئەوەمان کرد. ئەوان ئەوەیان قۆستەوە کە ئەوەی نیازیان بوو بەرامبەر بە کورد ئەنجامی بدەن".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز پێیوایە کە سەرەڕای هەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام کورد پێویستی بە مەرجەعییەتێک هەیە کە لە زۆربەی مەترسییەکان دەیپەڕێنێتەوە و ئەوەیش بە پێویست دەزانێت کە دەستەیەک هاوشێوەی بەرەی کوردستانی دروست بکرێت بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان شیاوی و لێهاتوویی هەیە بۆ بابەتی دیپلۆماسی و دانوستان، بەڵام کوردستان لە ئێستادا دەبێت مەرجەعییەتی هەبێت، هەروەک چۆن هەموو لایەک هەیەتی، کوردیش پێویستی بە مەرجەعییەتێک هەیە کە لە زۆر لە مەترسییەکان دەیپەڕێنێتەوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی بتوانن هاوشێوەی بەرەی کوردستانی جاران، بەڵام بە شێوازێک لەگەڵ قۆناغی ئێستادا بگونجێت، دەستەیەک پێکبهێنن بۆ ئیدارەکردنی لایەنی سیاسیی. ئینجا بەو یەکدەستییە بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەن، بەڵام بەم بارودۆخە شپڕزەییەی ئێستا، هەم ئێمە و هەم سوننە ئەگەر بچینە ناو هەڵبژاردنەکان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانین بەرامبەر بە سەرۆکوەزیرانێک کە گوایا سەرکەوتوو بووە لە شەڕی دژ بە داعش و وەرگرتنەوەی کەرکووک بە زمانی ئەوان، بێگومان سەرکەوتن بۆ ئەوانە سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان".
بە بۆچوونی ئەو چاودێرە سیاسییە، نەبوونی هاوپەیمانییەتییەک و مامەڵەکردنێکی تاکلایەنە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا زیان بە کورد دەگەیەنێت و دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە بەرژەوەندی کورد و عەرەبی سوننە دەزانێت بە هۆی پەرتەوازەبوونی عەرەبی سوننە و لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی نەبوونی هاوپەیمانییەتییەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێستا کە هەیە، لایەنێک یان زیاتر بڕوات مامەڵە بکات لەگەڵ هاوپەیمانییەتی شیعە، ئەمە بە راستی مەترسییەکی گەورەیە. لە ئێستادا سوننە داوا دەکات هەڵبژاردنەکان دوابخرێت و داواکاریەکەشیان ماقوڵە، ئێمەش بەم حاڵە شپڕزەییەی خۆمان کە ناتوانین هەڵبژاردن لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکی تەواو ئەنجام بدەین، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە هەم بۆ ئێمە وەکو کورد و هەم بۆ عەرەبی سوننە".
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز گوتیشی: "کورد ئەگەر هاوبەشێکی واقعیی نەبێت لە ئیدارەی عێراقدا، ئەوا بەشداریکردنی لە پڕۆسەی سیاسیی بە زیانی خۆیەتی و کاتی خۆشیی کە ریفراندۆم ئەنجامدرا هۆکارەکەی ئەوە بوو کە کورد هاوبەشێکی واقعیی نەبوو لە ئیدارەی عێراقدا، ئێستا ئەو بە ناوی حکوومەتی فیدراڵی عێراقی دێت، لە کاتێکدا حکوومەتی فیدراڵی لەسەر پێکهاتنی کورد و شیعە و سوننە بونیادنراوە، ئەگەر لایەنێک پەراوێزخرا واتا حوکمێکی تاکلایەنەیە بەسەر دوولایەنەکەی دیکەدا".
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت کە کێشە و پرسیاری زۆری لەسەرە، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەتی عێراق زیاتر لە دە ساڵ دەبێت رۆژانە بڕێکی زۆر نەوت لە بەسڕەوە دەنێرێتە دەرەوە بە بێ ئەوەی کەس زانیاریی لەبارەی داهاتەکەیەوە هەبێت و گوتی: "هەندێک شت لە عێراق دەگوزەرێت کە هیچ کەس ئاگادار نییە، بۆ نموونە بابەتی سۆمۆ کە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە هەموو گرفتێکیان ئەوە بوو کە نەوتەکە نەچێت بۆ کوردستان و ئێستاش دیارە کە کەناڵی نەوتەکە دەگوازێتەوە بۆ کوێ، جگە لەوەش لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ئێستا لە بەسرە ئەو بڕە زۆرە نەوەتە دەڕوات بۆ وڵاتانی دراوسێ بە بێ ئەوەی کەس پێی بزانێت، جگە لەوەش، فڕۆکەخانە هەیە لە نەجەف کە هیچ کەس نازانێت چی لێ دەگوزەرێت، کەواتا ئەم جۆرە حوکمەی عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەرناگرێت، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە یان پێکهاتنێکی سەرلەنوێ کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە پۆست و بەرپرسیاریەتییەکان دابەشبکرێت یان جیابوونەوەی هەرێمەکان کە بگونجێت لەگەڵ دراوسێکانی".
* عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە.
* لە ساڵی ١٩٦١ لە ھەڵەبجە لەدایک بووە.
* ماوەی دوو ساڵ نوێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی بووە لە تورکیا.
* لە ساڵی ١٩٩٨ بە تەواوی لەکاری حزبی دوورکەوتووەتەوە.
* دامەزرێنەری یەکەمین رێکخراوی خێرخوازییە بە ناوی دەزگای کارگوزاری و فریاکەوتنی ئیسلامیی کە خۆی ئەمینداری گشتی ئەو دەزگایەیە.
news_share_descriptionsubscription_contact

