Hemn Baban
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2016
هەولێر
لە كۆبوونەوەكەدا توركمانەكان بە عەرەبی و شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان بە كوردی قسەیان كرد، وەكو چۆن لە زمان تێگەیشتن، بە قسەی هەردوولا لەسەر هەموو پرسەكان كۆك بوون.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی هەریەك لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە قادر حەمەجان و ئەنجوومەنی ناوەند سامان گەرمیانی و بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی عومەر سەید عەلی و ئیسماعیل نامیق و چەند ئەندامێكی دیكە لە سەركردایەتی هەردوولا سەردانی بەرەی توركمانی و نوێنەرانی 11 حزب و لایەنی سیاسی توركمانی بە جیا لە شاری هەولێر كرد بەمەبەستی تاوتوێكردن و شیكردنەوەی رێككەوتننامە سیاسییەكەی نێوان هەردوولا كە لە 17ی ئایاری رابردوو لە شاری سلێمانی ئیمزاكرا و راگەیەنرا.
سەرەتای كۆبوونەوەكان لە لای بەرەی توركمانییەوە دەستی پێكرد، لە پێشوازیی شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە لە سلێمانییەوە بۆ بارەگای بەرەی توركمانی لە هەولێر هاتبوون سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەرشەد ساڵحی و بەرپرسی نووسینگەی ئەو پارتە لە هەرێمی كوردستان و هاوكات سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان ئایدن مەعروف و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی بەرەكە هەبوون.
لەگەڵ بەخێرهێنانی شاندەكە لەلایەن خاوەن ماڵەوە، لەنێو پێكەنینەكاندا سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەرشەد ساڵحی كە 57 ساڵ تەمەنی هەیە رووی دەمی كرد لە عومەری سەید عەلی كە لە تەمەندا لەوی گەورترە و پێیگوت كە ئەو ناتوانێت بە رەوانی بەزمانی كوردی قسە بكات و تا كۆبوونەوەكە بە زمانی كوردی بێت، بەڵام لەو كاتەی لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە لە زیندانی ئەبو غرێب (10 كیلۆمەتر لە نزیك بەغدا) بەندی بووە ژمارەیەك كوردی لەگەڵدا بوون كە چەندین وشەی كوردی لێیانەوە فێربووە، بەڵام وەك ساڵحی ئاماژەی بۆ كرد پێنەدەچوو ئەوەی لە زمانی كوردی فێربووە بۆ دەربازكردنی لە كۆبوونەوەكەیان بەشی بكات، ساڵحی بە پێكەنینەوە ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە و عومەری سەید عەلیش باسی لەوەكرد كە ئەوانیش توركمانی نازانن، بەڵام دواجار وەكو رێككەوتن هەردوولا كۆبوونەوەكەیان بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی تێپەڕاند، توركمانەكان بە عەرەبی و كوردەكانیش بە كوردی قسەیان كرد و لەدواجار وەكو ئەوەی لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەشدا باسیان كرد نەوەك بەتەنها لە زمانەكە كێشەیان نەبووە، بەڵكو بۆچوونەكانیشیان لەیەكتر نزیك بوون.
پاش نزیكەی یەك كاتژمێر لە كۆبوونەوە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ هەریەك لە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سامان گەرمیانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی ئایدن مەعروف سازكرا.
سەرەتا ئایدن مەعرووف بۆ دەزگاكانی راگەیاندن تیشكی خستە سەر ئەو كاتژمێرە كۆبوونەوەیەی لەگەڵ میوانەكانییاندا باس و خواسەكانییان تاوتوێكرد و گوتی "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆماندا باسی بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان بەرەی توركمانی عێراقی و یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان كورد و توركمان كرا".
گوتیشی "هەروەها باسی رێككەوتننامەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی و بزووتنەوەی گۆڕان كرا و ئێمە پێشوازییمان لە رێككەوتننامەكە كردوووە و هەندێك تێبینییمان لەسەری هەبوو و برادەران قبوڵیان كردووە، ئێمە پێمان وایە دەبێت تەوافوقی سیاسی و رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكان بێتە كایەوە، چونكە ئەوە هەشت مانگە پەرلەمان لەكاركەوتووە و ناكرێت هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمان بێت، بۆیە باشترە تەوافوقی گشتی دروست بكەین، ئێمە پێشوازی لەو رێككەوتننامەی یەكێتی و گۆڕان كرد و پێمان وایە لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەین لایەنەكانی دیكەش بگرێتەوە و مافەكانی دیكەشی تێدا جێگیر بكرێت، هەروەها باسمان لەوەشكردووە كە یەكێتی و گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان دابنیشن بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی گشتگیر بكەن كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت".
سامان گەرمیانی لە وتەیەكدا لەبەردەم راگەیاندنەكان سوپاسی لایەنی بەرەی توركمانی كرد لەو پێشوازییەی لێیان كراوە، گوتیشی "لەو كۆبوونەوە چەندین بابەتمان باسكرد، ئێمە لەگەڵ بەرەی توركمانی پەیوەندییەكی مێژوویی و دوور و درێژمان پێكەوە هەیە هەر لە سووریا لە ساڵی 1976ەوە تا ئەمڕۆ پەیوەندیی مێژووییمان هەیە و بەردەوام بووە، هەروەها باسی كۆمەڵێك بابەتمان كرد كە لە كۆی ئەو بابەتانە لە پڕۆژەكەماندا رەنگدەداتەوە".
گوتیشی "ئێمە پێمان وایە دەبێت هەموومان هاوبەش بین لەم وڵاتەدا چی برایانی توركمان بێت یان ئەوانی دیكە كە دەبێت هەموومان لەم وڵاتە هاوبەش بین لە پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەكانی و شارەوانییەكان بۆ ئەوەی پێكەوە ئەم وڵاتە بەرەو پێشەوە ببەین، ئەوەی قسەمان كرد لەگەڵ برادەرانی بەرەی توركمانی ئەمڕۆ لە كۆی بابەتەكان ناكۆك نەبووین، بەڵام تێبینی هەبوو و تێبینییەكان بەهەند وەردەگرین و هەر لایەنێكی سیاسی بیانەوێت قسە لەسەر ئەو رێككەوتنە بكات و دەوڵەمەندی بكەن بەهەند وەریدەگرین بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە بەگشتی لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، بۆیە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان زۆر سەركەوتوو بووین و لە داهاتووشدا كۆبوونەوەی دیكەشمان دەبێت".
سامان گەرمیانی زیاتر لەسەر كۆبوونەوەكە دوا و گوتی: "ئێمە تەنانەت لەسەر مەسەلەی كەركووكیش قسەمان كرد كە چۆن بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئێمە هەوڵ دەدەین دوای ئەوەی بەرەی توركمانی داوایان كرد لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دابنیشین ئێمە پێمان وابووە دەبێت ئەوە بكەین و پێشمان وابووە كە ئەو پڕۆسەیە بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان ناكرێت و ناشڕواتە پێشەوە، نەك هەر پارتی، بەڵكو ئەوانی دیكەش، بۆیە دەتوانیین هاوكار و یەكدەنگ بین بۆ یەكڕیزی ناوماڵی كوردستان و حكوومەتەكەمان، ئێمە قسەشمان لەسەر ئەوەكرد كە دژی دوو ئیدارەیین و كۆك بووین لەسەر ئەوەی ئیدارە نابێت دوو بەش بێت، هەوڵدەدەین هەموومان پێكەوە دابنیشین و بە دیالۆگ چارەسەری ئەم دۆخە قەیراناوییە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنین، ئەوەش بە یەكدەنگی و رێكخستنی ماڵی كوردستان دەبێت".
گەرمیانی روونیشیكردەوە "ئێمە پەیوەندییمان بە برادەرانی پارتییەوە كردووە و ئەوان گوتیان جەولەكانی خۆتان تەواو بكەن لەگەڵ ئەوانی دیكە وەڵامتان دەدەینەوە وئێمە ئێستا خەریكی ئەوەین كە ئەو جەولانە تەواو بكەین و دواتر وەڵامی پارتی وەربگرینەوە"، گوتیشی "پڕۆژەكەی یەكێتی و گۆڕان دژی هیچ لایەنێك لە عێراقیشدا نییە و بۆ یەكخستنی نێوماڵی كوردە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەسەر كەركووك و ئەو پڕۆژەیەی لە چەند رۆژی رابردوودا پارێزگاری ئەو پارێزگایە نەجمەدین كەریم خستبوویە روو بۆ بەهەرێمكردنی كەركووك ئایدن مەعروف هەڵوێستی بەرەی توركمانی نیشاندا و گوتی "كەركووك مەسەلەیەكی گرنگ و هەستیارە، دەبێت هەموو لایەنەكانی ئەو پارێزگایە لەسەر پرسی كەركووك بەجیددی مامەڵە بكەن، ئێمە داوامان لەلایەنە سیاسییەكان كردووە پاش كۆتایی هێنانی شەڕی داعش باسی ئایندەی كەركوك بكرێت".
دوای وەڵامی پرسیارەكان شاندەكەی یەكێتی و گۆڕان كە بۆ سەردانی لایەنەكانی توركمان و مەسیحی و چەند پارت و لایەنێك هاتبوونە هەولێر چوونە لای ئەوان و بارودۆخی سیاسی هەرێم تاوتوێ كرا.