Abdullah Shukur
28 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2017
کەرکووک - AA
ئەرشەد ساڵحی دووبارە بە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ھەڵبژێردرایەوە.
لە کۆنگرەی ئاسایی سەرۆکایەتی گشتی بەرەی تورکمانی عێراقی کە لە ناوەندی گشتی پارتەکە لە شاری کەرکووک ئەنجام درا، ئەرشەد ساڵحی لە نێو ١٢ پاڵێوڕاو زۆرترین دەنگی بەدەسھێنا و دووبارە بە سەرۆکی بەرەی تورکمانی ھەڵبژێردرایەوە.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە تورکمانەکان بەشداری لە گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ناکەن.
ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان وەک بەرەی تورکمانی عێراقی دژی ئەو گشتپرسیەن کە هەرێمی کوردستان بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولی داهاتوو ئەنجامی بدات و لەم هەنگاوەیشیان بەردەوام دەبن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچەکانی ئێمە دژی دەستوورە".
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئاشکراشی کرد کە ئەوان بەمەبەستی پاراستن و بەرگریکردن لە مافی تورکمانەکان، سیاسەتی کاریگەرتر پەیڕەوە دەکەن و گوتیشی: "تورکمانەکان لە عێراق لە ژێر مەترسیدان".
رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو، پێشتر راگەیەنرابوو کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بابەتی ریفراندۆم دەبێت لە ھەرێمی کوردستان و رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم دیاریکرا کە دەکەوێتە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ.