Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
بەغدا - AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی كرد لە سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی و شاندێکی یاوەری.
لەم بارەیەوە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، سەركۆمار لە میانی ئەو دیدارەدا، جەختیكردووەتەوە لە گرنگی یەكخستنی هەوڵەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكان بۆ یەكلایكردنەوەی دۆسیەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە تەواوی مافی پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و داواكارییە رەواكانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاكسازیانەی بەڵێن دراون بهێنێتە دی، ئاماژەشی كردووە بۆ پێویستی كاندیدكردنی كادری بە توانا و پاك تا بتوانێت جومگەكانی دەوڵەت بەو پەڕی توانا و بەرپرسیارییەتییەوە بەڕێوە ببات.
راشیگەیاندووە کە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە بایەخەوە باسی لەو قوربانیدانانە كردووە كە پێكهاتەی توركمانی داویانە لە جەنگی دژبە تیرۆر و لەگەڵ ئەو رۆڵە بنیادنەرەشی كە بینیویانە لە پێناو چەسپاندنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە عێراق.
شاندی توركمانی جەختیانكردەوە لەسەر ئەوەی توركمانەكان سوورن لەسەر بەشداریكردنی كارا لە بنیادنانی دەوڵەت و پێشخستنی، هەروەها پابەندن بە پشتیوانیكردنی ئەو هەوڵانەی كە دەنرێن بۆ یەكخستنی رێزەكان و هەڵوێست لە پێناو پتەوكردنی دۆخی نیشتمانی و هێنانەدی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی.