26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
بەغدا - AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا عەبدولکەریم خەڵەف رایگەیاند کە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، بەغدا و واشنتون خشتەیەکی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دادنێن.
لیوا عەبدولکەریم خەڵەف لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی "ئەلسەباح" سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەوەی گوتووە:
"بڕیاری ئەنجامدانی دانوستان لەوبارەوە دراوە، ئەوەیش پشت بەستن بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەیش بە رێککەوتنی هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی دەبێت".
گوتیشی: "پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئەمنییدا بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی پڕۆسەکانی مەشقپێکردن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەنانەت ئەگەر بڕیاری کشانەوەکەش جێبەجێ بکرێت".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا عەبدولکەریم خەڵەف راشیگەیاندووە کە ئەمریکا لەمیانی چەند هەفتەی رابردوودا، بە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی لە عێراق نیازباشی نیشانداوە.
جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، دانوستان لە نێوان عێراق و ئەمریکا دەست پێ دەکات کە لەمیانیدا بوارەکانی ئابووری، سیاسی، ئەمنی، رۆشنبیری لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیشداوە کە عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی هەبێت لەگەڵ ئەمریکا.