Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی ـ AA
دوای رێوڕەسمی پێشوازیكردن، میری قەتەر، شێخ تەمیم حەمەد و سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەردوولا كۆبوونەوە و گفتوگۆیانكرد لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاستی هاریكاری كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی عێراق و قەتەر بكات.
بە گوێرەی راگەیاندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە "عێراق هەوڵدەدات باشترین پەیوەندیی ناوچەیی بەبێ جیاوازی بونیادبنێت، سووریش دەبێت لە سەر بەردەوامبوونی رۆڵی سەرەكی خۆی بۆ بەیەكگەیاندنی گەلانی ناوچەكە بۆ ئەوەی نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵكو ئاسایش و ئارامی تیادا بەرقەرار بێت و خەڵكەكەیشی سوود لە خێر و بێرەكەی ببینن".
هەروەها سەركۆماری عێراق داوایكرد تۆڕێكی پەیوەندی هاوبەش دروست بكرێت لە پێناو لێكتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی بونیادنەرانە كە یارمەتی وڵاتانی ناوچەكە بدات بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، تەئكیدیشی كردووەتەوە لە سایەی ئارامی و پەیوەندی سیاسی هاوسەنگ دەرفەتی ئەوە دەرەخسێت كە باشتر خزمەتی خەڵكەكەی بكەن و خێرو بێر و داهاتی ئەم ناوچەیە لە جیاتی شەڕ و ماڵوێرانی بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان تەرخان بكرێت.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەركۆماری عێراق و میری قەتەر بیرورایان ئاڵوگۆڕكردووە لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و جیهان و پێویستی زاڵبوونی زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی و رێگرتن لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتان.
لە لای خۆیەوە میری قەتەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لە رووی سیاسی و ئەمنی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە زۆربەی بوارەكان دووپاتكردووەتەوە، هەروەها ئاماژەیكردووە بەوەی قەتەر هاوشانی عێراق دەوەستێت و پشتیوانی لێ دەكات لە پێناو پەرەپێدانی ئاشتی و ئارامی و هێنانەدی پێشكەوتن لە زۆربەی بوارەكاندا بەتایبەت لە بواری ئابووریدا.
ئێوارەی دوێنێ سەركۆماری عێراق بە یاوەری هەریەك لە وەزیرانی دەرەوە و پلاندانان و بازرگانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار و ژمارەیەك لە لێپرسراو و راوێژكاران لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر گەیشتە دۆحەی پایتەخت.