Hemin Hüseyin
31 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە دەیانەوێت بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن و داوای پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران یان وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری تورکمانەکان دەکەن.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتدا بکەین و لە میانی دانوستانەکانیشدا، داوای پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران دەکەین یان وەزارەتێک تایبەت بە کاروباری تورکمانەکان و ئەم پۆستەش بە شایستەی خۆمان دەزانین".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لەچوارچێوەی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پۆستێکی باڵایان پێبدرێت و راشیگەیاند کە داواکارییەکەیان دەبێتە بنەمای دەستپێکی دانوستانەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لیستی براوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و گوتی:
"ئێمە لەماوەی رابردووشدا چەندین جار داوامان کردووە کە یەکێک لەو پۆستانەمان پێبدرێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنییمان وەرنەگرتووە و هیوادارین لەم کابینەیەدا، داواکەمان جێبەجێ بکەن".
لە پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسی وەک کۆتا بۆ تورکمانەکان تەرخانکراوە و بەرەی تورکمانی عێراقی کە بەشداری هەڵبژاردنەکەی ٣٠ی ئەیلوولی کرد توانی ببێتە خاوەنی یەک کورسی لەو پێنج کورسییە.