Hemin Hüseyin
27 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، عەلی حوسێن رایگەیاند کە بەئاشکرا و بەنهێنی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتیان تاوتوێکردووە و ئاشکرایشی دەکات کە سیستەمی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو ناکرێت. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوایان لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کردبوو کە سەردانی بەغدا بکات بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی حوسێن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەڵبژاردنەکەدا نەخشەی سیاسیی گۆڕا و بە دڵنیاییەوە قۆناغێکی تازە هاتووەتە ئاراوە و دەبێت هەموو لایەنێک لەم گۆڕانکارییە تێبگەن و ئێمە هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە، ئەوەی دیکەش کە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارابێت، لەهەر شوینێک کە دیموکراسییەت هەبێت ئەوا ئاساسییە ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت، چونکە ئەگەر نەبێت وا تا پڕۆسەکە سەرکەوتوو نابێت".
عەلی حوسێن گوتیشی: "سەردانی چەند لایەنێکمان کردووە لەوانە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها هەندێک لایەن بەنهێنی سەردانمان کردوون و قسەمان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ئەوانیش رۆڵیان هەبێت بەتایبەت نەتەوەکانی وەک تورکمان، مەسیحی، سریان، ئاشووری، کلدان و ئەرمەن بۆ ئەوەی بتوانین حکوومەتێک دروست بێت کە هەموو لایەنەکان تیایدا بەشداربن".
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن ئاشکرای دەکات کە بەشداریپێکردنی لایەنەکان لەسەر دوو بنەما دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە رەچاوی شایستەی هەڵبژاردن دەکەن و گوتی: "ئەمجارە لەسەر دوو بنەما بەشداریی بە لایەنەکان دەکرێت، بە دڵنیاییەوە سیستەمی پەنجا بە پەنجا نەما، هەموو لایەنەکانیش ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بووە، ئێمە رەچاوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەکەین، هەروەها رەچاوەی شەراکەتیش دەکەین، رەنگە ئاسایی نەبێت کە لایەنێک نیوەی دەنگەکانی ئێمەیشی بەدەست نەهێنابێت و داوای پەنجا بە پەنجامان لێ بکات، بەڵام مافی خۆیەتی داوای شەراکەتمان لێ بکات، بە دڵنیایییەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت یەک پاکێجە و گفتوگۆکان تا ئێستاش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیە، هەر کاتێکیش گەیشتینە ئەنجام، ئەوا سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکدێت و گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت".
لەبارەی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پۆستی سەرۆکی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی حوسێن گوتی: "ئێمە کێشەمان لەوەنییە کە کێ دیاری دەکرێت، بەڵام عورفی سیاسیی وایە دەبێت پەرلەمان داوا لە ئێمە بکات کە کێ کاندید دەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەت، ئەو کاتیش ئێمە ناوەکەی ئاشکرا دەکەین".
ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە هیچکام لە وەزیرەکانی کابینەی پێشوو ناکرێنەوە بە وەزیر، لەمبارەوە عەلی حوسێن گوتی: "رەنگە بە شێوەیەکی وا رەها نەبێت، بەڵام سیاسەتی پارتی وایە کە گۆڕانکاری بکەین لە دامودەزدەگاکانی حکوومەت و کەسێک ئەزموونێکی پەیداکردووە ئەوا کارێکی دیکەی پێ بسپێرین و ئامانجمان ئەوەیە گۆڕانکاری بکەین".
سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، عەلی حوسێن گوتی:
"لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا زۆربەیان سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و تەئکیدیان لە جەنابی بارزانی کردەوە کە سەردانی بەغدا بکات، رۆڵ و پێگەی ئەو لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتیش کاریگەریی خۆی هەیە، بێگومان جەنابی سەرۆک جگە لەوەی کە سەرۆکی پارتییە و کەسایەتییەکی سیاسیی و دیاری عێراقی و ناوچەکەشە و بوونی لە بەغدا پەیامێکە بۆ هەموو عێراقییەکان کە دەمانەوێت گرفتەکانی نێوانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و پەیامێکیش بوو کە ئێمە بەیەکەوە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی تەحەدیاتی ئایندە ببینەوە".
عەلی حوسێن گوتیشی: "لە بەغدا قەوارە سیاسییە جیاجیاکانی بینی لە شیعە، سوننە، تورکمان و ئەمەش بە سەردانێکی سەرکەوتوو وەسفکرا، دواتریش سەردانی ناوچەی کەنداو دەکات، بۆیە ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین کە رۆڵمان هەبێت لە عەمەلییەی سیاسیی لە عێراق، بەو رۆڵەش بتوانین گرفتەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەین، گوزەرانی خەڵک باشتر بکەین، دامەزراوەیی دەوڵەت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، دەست بکەین بە چاکسازی، بە دڵنیاییەوە ئەمەش بە حکوومەتێکی بەهێز دەکرێت و پێویستە یاسا لەسەرووی هەموویانەوە بێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا و ئەگەری سەردانکردنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن گوتی: "تورکیا دەوڵەتێکی گرنگە لە رووی سیاسیی و ئابووری وئەمنییەوە، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ وڵاتی تورکیادا هەبێت و هەردوولامان پێویستمان بەیەکتر هەیە و زۆر بابەتی گرنگ هەیە کە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین و بە تەئکید بەردەوام دەبین لەو پەیوەندییە بەهێزە، لەو چوارچێوەیەشدا هەرکاتێک تورکیا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەعوەت کردبێت، ئەوا بەپیر بانگهێشتەکە چووە و لە داهاتووشدا هەر بەم جۆرە دەبێت".