Dlshad Saifaalddin Ahmed
27 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند، ئەوەی تا ئێستا لە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە تەنها راگۆڕینەوە بووە، بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێویستە سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرێت و دواتر لیستی زۆرینە و كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستنیشان بكرێت.
محەمەد حاجی مەحمود لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دوا و گوتی: "هەوڵەكان هێندەی بۆ بەشداریكردنە لە حكوومەت و چەند پشكیان هەبێت لە حكوومەت هێندە بیر لەوە ناكەنەوە چۆن خزمەتی خەڵك و وڵات و میلـلەتەكەی پێبكەن، كاتێك حزبێك دەیەوێت بەشداری بكات لە حكوومەت بۆچی دەیەوێت بەشداری بكات بۆخۆی بەشداری دەكات و لە پێناو مانەوەیی و ژیانی خۆیدایە یان بۆ میلـلەتەكەی دەكات".
ئەو باسی لەوەش كرد، پێویستە سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، دواتر داوا لە گەورەترین لیستی پەرلەمان بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوكات كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی لایەنەكان دەكات.
لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی تا ئێستا پێویستە نەكراوە لە دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و راسپاردنی گەورەترین لیست و كەسی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوەی كراوە لە نێوان لایەنەكان تەنها راگۆڕینەوە بووە لە نێوان خۆیاندا، ئەوەی هەستم پێكردووە هەموو حزبەكان حەز دەكەن بەشداری حكوومەت بكەن، بەڵام ئەوەی چەندیان بەشداری پێدەكەن بڕیارەكە لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاشان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت".
محەمەد حاجی مەحمود هەروەها گوتی: "لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گۆڕینی دەموچاو و وەزیر و گۆڕینی كابینەكە هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، ئێمە پێویستمان بە بەرنامە هەیە كە ئایا سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان چۆن بەڕێوەدەچێت، ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەستوورمان نییە و بە نەبوونی دەستووریش یاساكان رێكناخرێن كە یاساش رێكنەخرا مافی تاك و كۆمەڵ دیاری ناكرێت و دەسەڵاتەكان لە یەك جیا ناكرێتەوە، بۆیە پێویستە سەرەتا دەستوورمان هەبێت".
ئەوەشی گوت "ئەگەر حكوومەتی نوێش پێكبهێنرێت، بەڵام سیستمی حوكمڕانی و دەستوور و یاسا بەسەر كارەكانەوە نەبێت، ئەوا وەك كابینەكانی پێشوو دەبێت كە 27 ساڵە حكوومەتمان هەیە و پەرلەمانمان هەیە، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دواوە دێینەوە و چارەسەری كێشەكانمان پێناكرێت، بە هۆی ئەوەی پلانێكمان نییە بۆ چۆنییەتی دانانی بەرنامەی داهاتوو، چۆن بۆ سبەی كار دەكەیت لە رووی سیاسی و ئابووری و ژیانی خەڵك و پەروەردە و تەندروستی و بوارەكانی ترەوە، لەبەر ئەوە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە".
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باس لەوە دەكات كە لایەنێك لە هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەتەنها حكوومەت پێكبهێنێت و دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەكانی هەرێم هەبێت و گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و پێویستی بە 11 كورسی تر هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام ئایا واقیعی كوردستان رێگەی ئەوە دەدات ئەو حكوومەتە هەموو ناوچەكانی هەرێمى كوردستان بگرێتەوە، بۆیە پارتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەتوانێت ئەو حكومەتە پێكبهێنێت".
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانە و جگە لە كابینەی ئێستای حكوومەت لە كابینەكانی پێشووتردا بەشدار بووە لە حكوومەت و پۆستێكی وەزاری هەبووە لە بارەی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا و كاریگەریان لەسەر حكوومەت دوا و گوتی: "بوونی ئۆپۆزسیۆن شتێكی باشە و خراپ نییە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن پێویستی بە یاسایەك هەیە كە یاسای ئۆپۆزسیۆن بێت، ئێمە تا ئێستا یاسایەكمان نییە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لە هەرێمی كوردستان، نازاندرێت كە سنووری ئۆپۆزسیۆن چەندە و چی دەكات و مافی ئۆپۆزسیۆن چەندە، پێویستە لە دەستووردا مافی ئۆپۆزسیۆن دابندرێت وەك چۆن لە هەموو وڵاتانی تری دنیا هەیە".
ئەو باس لەوەش دەكات لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان هێزی ئۆپۆزسیۆن هەبووە و ژمارەیەكی زۆری كورسی پەرلەمانیشیان هەبووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەتەوە كاریگەری ئەوتۆیان نەبووە و كارێكی وایان پێنەكراوە.