Dlshad Saifaalddin Ahmed
27 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
ئەمرۆ بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسول عەلی و بە ئامادەبوونی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی حزبەكە لە سلێمانی بەرێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوە، دۆخی سیاسی و قۆناغی نوێی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێكراوە "یەكێتی پەیوەندییە لە مێژینەیەكانی لەگەڵ پێكهاتەكان و هێزە سیاسیەكانی عێراق پەرەپێیدەدات، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و دەستەبەركردنی مافە دەستوری و دیموكراسییەكانی گەلی كوردستان".
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسەنگێنرا، "بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە گرنگ زانراو لەمبارەیەوە جەخت لەوە كرایەوە یەكێتی بە شەراكەتی راستەقینەو بڕیاری هاوبەش و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەشداری كابینەی نوێ حكوومەت دەكات".
ئاماژەیش بەوە دراوە، "سەروەت و سامانی هەرێم بە یەكسانی بخرێتە خزمەتی بوژانەوەی زیاتری كوردستان و گوزەرانی خەڵك و پەرەپێدانی بوارە جیاجیاكان لە خزمەتگوزاری، پەروەردە، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە و ئارامی و ئاسایش و بوژاندنەوەی ئابووری كوردستان".
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ تاوتوێكردنی پرسە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و كاروباری ناوخۆی حزبەكە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە.