Hemn Baban
28 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر-AA
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، سێکتەری پیشەسازی زۆرترین مۆڵەتی وەبەرھێنانی پێدراوە کە ٢١٣ پڕۆژەن، دوای ئەویش نیشتەجێبوون بە ١٦٥ مۆڵەتەوە دێت، سێکتەری گەشتیاریش بە ١٤٨ مۆڵەتەوە لە پلەی سێیەمدایە.
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دوایین ئامارەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، بەپێی ئامارەکانی دەستەکە کە لەسەر زاری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەکە وەرگیراوە، قەبارەی وەبەرھێنان گەیشتووەتە ٤٧ ملیار دۆلار.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، سەربەست خدر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرھێنانەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ئێستا مۆڵەتمان بە ٨١٦ پڕۆژە داوە و نزیکەی ١١٧ مۆڵەتیشمان ھەڵوەشاندووەتەوە، سەرمایەی گشتی وەبەرھێنانیش تاوەکو ئێستا گەیشتووە سەروو ٤٧ ملیار دۆلار، ئەو مۆڵەتانەشی بۆ وەبەرھێنان دراون لە ١٣ سێکتەری جیاجیان، زۆرترینی وەبەرھێنان بەپێی پارێزگاکانی ھەرێم لە پارێزگای ھەولێرە کە ٣٦٠ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای سلێمانی ٢١٨ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای دھۆک-یش ٢٣٩ پڕۆژەمان ھەن".
سەربەست خدر عەلی سەبارەت بە سەرمایەی وەبەرھێنان لە پارێزگاکانی ھەرێم و دابەشبوونیان گوتی: "لە پارێزگای ھەولێر سەرمایەی وەبەرھێنان ٢٦ ملیار دۆلار و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت و لە پارێزگای سلێمانی-یش سەرمایەی وەبەرھێنان بڕی ١٤ ملیار و ٩٦٠ ملیۆن دۆلارە و لە پارێزگای دھۆک-یش بڕی سەرمایەی وەبەرھێنان بریتییە لە شەش ملیار و ٤٦٧ ملیۆن دۆلار".
سەربەست خدر عەلی ئەوەشی گوت "دوو شێوە وەبەرھێنانمان ھەیە، وەبەرھێنانی راستەوخۆ کە وەبەرھێنانی بیانییە، لەگەڵ وەبەرھێنانی ھاوبەش، لەو ٤٧ ملیار دۆلارەی کە سەرمایەی وەبەرھێنانە تاوەکو ئێستا بڕی ٤٥ پڕۆژەمان وەبەرھێنانی بیانیین کە سەرمایەکەیان شەش ملیار و ١١٢ ملیۆن دۆلار".
سەبارەت بە ریزبەندیی وڵاتانی بیانی لە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان رایدەگەیەنێت کە ئیمارات لە پلەی یەکەم و تورکیا دووەم و پاشان لوبنان بە پلەی سێیەم دێت.
سەربەست خدر عەلی دەشڵێت "ئەو وڵاتانەشی بە شێوەی راستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکەن نزیکەی ١٥ وڵاتن و ئیمارات لە پلەی یەکەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە سێ ملیار و ٣١٤ ملیۆن دۆلارە، تورکیا بە ١٦ پڕۆژەوە لە پلەی دووەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە ملیارێک و ١٣٠ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا لوبنان بە پلەی سێیەم دێت لە وەبەرھێنانی بیانی کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانی ملیارێک و ١٦ ملیۆن دۆلارە و نۆ پڕۆژەی وەبەرھێنانی ھەیە".
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئەو سێکتەرانەی وەبەرھێنانیان تیادا کراوە بەمشێوەیە ژمارەی مۆڵەتی وەبەرھێنانیان تیادا دابەش دەبێت؛ سێکتەری پیشەسازی کە لە ریزبەندی یەکەمدایە لە رووی مۆڵەتەوە ٢١٣ مۆڵەتی وەبەرھێنان دراون، پاش ئەویش سێکتەری نیشتەجێبوون بە ١٦٥ مۆڵەتەوە دێت، پاشان سێکتەری گەشتیاری بە ١٤٨ مۆڵەتەوە، دواتر بازرگانی کە ١٣٨ مۆڵەتی پڕۆژە دراوە، ھەروەھا تەندروستی ٤٩ مۆڵەت، کشتوکاڵ ٢٩ مۆڵەت، فێرکردن ٢٦ مۆڵەت، وەرزش ٢٦ مۆڵەت، خزمەتگوزاری هەشت مۆڵەت، گواستنەوە دوو مۆڵەت، گەیاندن پێنج مۆڵەت و ھونەری چوار مۆڵەت.
ئەو سەرمایە بیانییانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا وەبەرھێنانیان کردووە بریتیین لە وەبەرھێنەرانی وڵاتانی، ئەڵمانیا، تورکیا، ئیمارات، ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران، جۆرجیا، روسیا، فەڕەنسا، لوبنان، کوێت، لوبنان، میسر، نیوزیلاند، ئیسپانیا، ھۆڵەندا، ئوردن، کەنەدا، سوید، کۆماری باشووری ئەفریقا، پاکستان و کۆریا.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەربەست خدر عەلی لە درێژەی ھەفپەیڤینەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەش ئاشکرا دەکات کە چەند ھۆکارێک لە دوای دابەزینی ئاستی وەبەرھێنانەوەبوون لە چەند ساڵی رابردوو و ساڵی ٢٠١٧ش بە خراپترین ساڵ بۆ وەبەرھێنان لە ھەرێم ناودەبات کە نزمترین ئاستی وەبەرھێنانی تۆمارکردووە، ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان لەمبارەیەوە روونی دەکاتەوە "بەپێی ئامارەکانی بەردەستمان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە سەرمایەی وەبەرھێنان بەرەو ژوور زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٣ سەرمایەی وەبەرھێنان لەو ساڵەدا بە تەنھا گەیشتە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە بە ھۆی بڕینی بوودجە و قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ھاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیش ئیدی سەرمایەی وەبەرھێنان دابەزی و لە ساڵی ٢٠١٧ سەرمایەی وەبەرھێنان گەیشتە خراپترین ئاستی خۆی و نزیکەی ٧١٢ ملیۆن دۆلار بوو لەو ساڵەدا، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٧ەوە وردە وردە بەپێی نەمانی شەڕی داعش و باشتربوونی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و سیاسییشەوە لەگەڵ بارودۆخی ھەرێمی ئیدی وەبەرھێنەران متمانەیان بۆ گەڕایەوە و ئێستا سەرمایەی وەبەرھێنان لە ئەمساڵدا کە ھێشتا ساڵەکە تەواو نەبووە گەیشتووەتە دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کە ئەم بڕەش سێ ھێندەی بڕی وەبەرھێنانی ساڵی ٢٠١٧یە".
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان لە وەبەرھێنان و ھەستاوەی ئەم کەرتە لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم کە ھێشتا پێکنەھاتووە، لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو حکوومەتە، سەربەست خدر عەلی بەگەشبینییەوە دەڕوانێتە ساڵی ٢٠١٩ و ساڵانی دواتر، ئەو لەم رووەوە رایدەگەیەنێت "ئێمە لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٥٠٠ پڕۆپۆزەڵی پێشکەشکراومان ھەیە و ئەوانە ھەموو پێشکەشکراون و رەنگە ساڵێکیان بوێت تا مۆڵەتیان پێدەدرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە متمانە گەڕاوەتەوە بۆ وەبەرھێنان، ھەروەھا دەستەی وەبەرھێنەران لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێناوە چەندین رێنمایی دەرکردووە و لە کۆی ٨١٦ مۆڵەت چەندین وەبەرھێنەر ھەبوون کەمتەرخەمبوون و بەشێکییان درانە دادگە و بەشێکیان تەوقیفیشکران، ئێمە لەو رێوشوێنانە نزیکەی ٣٥ ھەزار دۆنم زەویمان بۆ حکوومەت گەڕاندەوە کە درابوونە بەشێک لە وەبەرھێنەران و بە شێوەیەک لە دەرەوەی یاسا و رێنمایی بەکاردەھێنران، بۆیە وای دەبینین لە ساڵی ٢٠١٨ و بەتایبەت ساڵی ٢٠١٩ وەبەرھێنان دەگەڕێتەوە ئاستی متمانەپێکراوی خۆی".
لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان کە دەستەکە زوو زوو باس لە پێویستی ھەموارکردنەوەکەی دەکاتەوە، سەربەست خدر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەی ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان لە پێداچوونەوەدایە و رەشنووسی پێداچوونەوەی یاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئێمە ئەو رەشنووسەمان لە ساڵی ٢٠١٦ نارد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران لە راستیدا یاسای وەبەرھێنان لە ساڵی ٢٠٠٦ دەرچووە و ئەو یاسایە بۆ ئەو کات گەرەنتییەکی باش بوو بۆ وەبەرھێنەران و بۆ کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بەگەڕ بخەن، بەڵام ئێستا ئەوە ١٢ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ئەو یاسایەدا تێپەڕیوە و پێویستی بە گۆڕانکاری و پێداچوونەوە ھەیە و چەندین کەلێن ھەیە پێویستە چاک بکرێتەوە، بۆیە ئێستا رەشنووسەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمە و بە ئومێدین ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت پێداچوونەوە بۆ ئەو یاسایە بکات".
سەبارەت بەو شوێنانەی لە یاساکەدا پێویستە پێداچوونەوەی تیادا بکرێت بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "کرۆکی ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان بریتی دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی پڕۆسەی وەبەرھێنان و جیاکردنەوەی وەبەرھێنەری راستەقینەیە لە وەبەرھێنەری دیکە، ھەروەھا پێدانی پشتگیریی زیاترە بە وەبەرھێنەران بەتایبەت وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ئەوەی گەرەنتییەکی زیاتریان ھەبێت تا سەرمایەکانیان لە ھەرێمی کوردستان وەگەڕ بخەن، ئەوەی ئێستا ھەیە وەبەرھێنەری بیانی لە مافدا لەگەڵ وەبەرھێنەری خۆماڵی یەکسانە، واتە دەتوانێت پڕۆژەکەی بەڕێژەی ١٠٠ لەسەد تەملیک بکات و دەتوانێت پارەکانی خۆی تەحویل بکات، ھەروەھا تا ١٠ ساڵ لە ھەموو باج و رسوماتێک لەناو ھەرێم لێخۆشبوونی ھەیە، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەی تا دەگاتە دیواری پڕۆژەکەی لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەوانە ھەمووی ھەن، بەڵام کۆنتڕۆڵکردن پێویستە لەئێستادا، چونکە لەماوەی رابردوودا چەندین پڕۆژەمان بینی کە راگەیاندنیش زۆر باسیان لێوەکرد بەتایبەت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کێشە روویدا، ئەوانە بەداخەوە کۆمەڵێک وەبەرھێنەر کە وەبەرھێنەر نەبوون و تەنھا دەھاتن و پارەیان لە خەڵک وەردەگرت و پڕۆژەکەیان پێ تەواونەدەکرا، بۆیە دەمانەوێت لە ھەموارکردنەوەی یاساکەدا ئەوانە چارەسەر بکەین".