Hemin Hüseyin
28 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی دوای گەڕانەوەی لە بەغدا و وڵاتانی عەرەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی سەردان و کۆبوونەوەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کێشەکان تێدەگات و ئاشکرایشی کرد کە باسی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کراوە و راشیگەیاند کە پەیوەندییەکانییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رۆژ بەڕۆژ بەرەوباشی دەچن.
مەسعود بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا گوتی: "چوونی من بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو کە ئەو دیوارە دەروونییەی دروست ببوو، بشکێنین. دۆخێکی ناخۆش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبوو، ئێمە دەمانویست جەخت بکەینەوە کە ئاشتیخوازین و بە نیازێکی پاک ھاتووین و بابەتەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. ئێمە توندوتیژیمان ھەڵنەبژارد، بەڵکو بەرگریمان لە خۆمان کردبوو".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "بە سوپاسەوە پێشوازییەکی گەرممان لێکرا و ئیستجابەیەکی زۆر ھەبوو، کاتێک نییەتی جددی ھەبێت، ھیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەبێت، ئێمە ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندمان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یەوە هەیە و چارەسەر ھەر ئەوەیە کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین، کێشەکان زۆرن و من نامەوێت پێشبینیی خەڵکی خۆمان بگۆڕم، بەڵام دەبێت تەماشا بکەین و من ئەو نییەتەم بینی کە دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکەین".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند کە باسی دەستپێشخەرییەک کراوە، بەڵام دیراسەی دەکەن و ئەگەر بزانن سەرکەوتوو دەبێت و ئەنجامی دەبێت ئەوا لارییان لێی نییە، جەختی لەوەشکردەوە، تا لە سەرکەوتن دڵنیانەبێت هیچ هەنگاوێکی کرداری ناهاوێژێت.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی ئەگەری جارێکی دیکە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و داخستنی فڕۆکەخانەکان و نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان گوتی: "قەت پێشبینی ناکەم کە عەبدولمەھدی بڕیارێکی ھاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی بدات، وەک بوودجە بڕین و داخستنی فڕۆکەخانەکان، ئەگەر شتێکی وا رووی دا، مانای وایە کە کۆتایی بە ھەموو شتێک دێت، ھیوادارم دووبارە نەبێتەوە. باوەڕ ناکەم شەخسی عەبدولمەھدی بیەوێت خەڵکی کوردستان لە ژیانێکی زەحمەتدا بن، لەوانەیە بیەوێت بەختەوەر بن".
مەسعود بارزانی هەروەها گوتی: "باسی ھەموو کێشەکانمان کرد بەتایبەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی باش کە بە دیالۆگ و ماددەی ١٤٠ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. ھێشتا حکوومەت بە تەواوی دانەمەزراوە و نامەوێت پێشبینیی خەڵکی کوردستان زۆر بەرز بکەمەوە و بڵێم ھەموو شتێک چارەسەر دەبێت، بەڵام پێویستە بە کردار کێشەکان چارەسەربن".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "من گەیشبینم، بەڵام نامەوێت ھیچ بەڵێنێک بدەم، بەڵام ھەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی گرفتەکان لە رووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە چارەسەر بکرێن و بە دڵنیاییەوە لەم چوار ساڵەی داھاتوو دەبێت دەستوور تەواو ببێت و ببین بە خاوەنی دەستوورێکی رێک".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی گرووپی تیرۆریستی داعش رایگەیاند کە گرووپی تیرۆريستی داعش تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێت و گوتی: "داعش بۆ زۆر لە ناوچەکان لە جاران خراپتر گەڕاوەتەوە. شەڕی داعش جاران ئاسانتر بوو کە دەزانرا لە کوێیە، بەڵام ئیستا داعش ھەیە و ناشیبینی. جاران لەسەر زەوی بوون، ئێستا لەژێر زەوین. لە زۆر شوێنیش بەئاشکرا گەڕاونەتەوە لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەددین و دیالە و لە زۆرێک لەو شوێنانە بەھێزەوە گەڕاونەتەوە، چونکە ئەو ھۆکارانەی بوون بە ھۆکاری دروستبوونی داعش و پێشتریش قاعیدە. ھۆکارەکان چارەسەر نەکراون و تا ئەو ھۆکارانە چارەسەر نەکرێن، داعش یان لە داعش خراپتر سەرھەڵدەداتەوە. ئێستا مەترسیی داعش ھەیە، بەڵام ئەوە نییە وەکو جاران شوێنێک داگیر بکات و تەحەدا بکات، بەڵام زیانی خۆی دەگەیەنێت و ناهێڵێت ئەو سەقامگیرییە دروست ببێت کە خەڵک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
لەبارەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەت، مەسعود بارزانی گوتی: "پێکهێنانی حکوومەتی ھەرێم لە گفتوگۆ بەردەوامن و کەی کەسێک راسپێردرا، ئەوکاتە دەزانن کێیە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان باشن، لەگەڵ تورکیا و ئێران رۆژ بەڕۆژ بەرەو باشتر دەچن".