ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند "تیرۆریستان ناتوانن ھەرێم بکەنە بنکە بۆ چالاکیەکانیان".
سەرۆکی ھەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی پێشوازیکردنی لە مونیر فەخری عەبدولنور وەزیری پیشەسازیی و بازرگانیی دەرەکیی کۆماری میسر و شاندێکی یاوەری گوتی "تیرۆر دیاردەیەکی جیھانییە و ئیرادەیەکی دەولی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی".
ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەکی زۆرە بەنیازن ئاسایشی ھەرێمی کوردستان تێک بدەن بەڵام لە ھەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون.
جەختی لەوەیش کرد "تیرۆریستان ھیچ کاتێک ناتوانن ھەرێمی کوردستان بکەنە بنکەیەک بۆ چالاکییەکانیان، چونکە نە گەلی کوردستان و نە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگەیان پێنادەن بەو ئامانجەیان بگەن ".
یەکشەممەی رابردوو ٢٩ی ئەیلول لە پەلامارێکی خۆکوژیدا دوو ئۆتۆمبێلی مینڕێژ لەبەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی لە ھەولێر تەقینەوە، لەئەنجامدا ٧ کارمەندی ئاسایش کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەسیتریش بریندار بوون، کە زۆربەیان لە ھێزەکانی ئاسایش بوون.