پەرلەمانی تورکیا
ئاڵتان تان ئەندام پەرلەمانی بەدەپە گوتی "سەرۆک وەزیران نوقمی قوڕ بووە، دەستووری نوێی پشتگوێ خستووە، پارتی جەھەپە و مەھەپەی کردۆتە بیانوو".
تان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی گوتی "دەرچووانی زمانی کوردی کە نزیکەی ٩٠٠ دەرچوون و تائێستا دانەمەزراون، چاوەڕوانی دامەزراندن دەکەن لە بوارەکەیاندا".
ھەروەھا گوتی "بەرپرسانی حکومەت چەندین جار بەڵێنی دامەزراندنی دەرچوانی زمانی کوردیان داوە، بەڵام بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، کاتێ حکومەت قەتیس دەبێ پاکێجێک ئاشکرا دەکا، دوای ماوەیەکیش سەرجەم داواکاریەکانمان پشتگوێ دەخرێن و ناوەڕۆکی پاکێجەکەش بەتاڵ دەبێتەوە.
تان گوتی، تکایە تۆزیک جدیەت بنوێنن و پابەندی بەڵێنەکانتان بن.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەلابردنی سوێندی تورک لە خوێندنگاکان و خوێندنی زمانی دایک لە خوێندنگا تایبەتەکاندا، تان گوتی "خوێندنی زمانی دایک لە خوێندنگا تایبەتیەکاندا ھەنگاوێکی باشە، بەڵام بەپێی پێویست نیە".
لەبارەی خۆلادانی سەرۆک وەزیران لە ئامادەکردنی دەستوری نوێ، تان گوتی "سەرۆک وەزیران نوقمی قوڕ بووە، دەستووری نوێی بەلاوە ناوە، پارتی جەھەپە و مەھەپە دەکاتە بیانووی ئامادەنەکردنی گوایە لەگەڵ ئەوان پێکنایەن و بەشێکی بچوکی مافەکان دەخاتە بەردەم گەل، ئەگەر شەرم نەکەن ئەوا دەستوری ١٩٨٢ دەھێنن و دەیکەن بە ٢٠١٣ و دەیخەنە بەردەممان".
لەبارەی ڕەوانەکردنی سەربازیش بۆ سوریا، تان ئاماژەی بەوەدا وەک بەدەپە ھەڵوێستی توندیان دەبێ.