Muhammet Ali Kemal
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2016
پەرلەمانتاری پارێزگای دیاربەكر سەربە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ئاڵتان تان، رایگەیاند ''پێویستە توركیا بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ساڵی ٢٠١٣، پەكەكە خێرایی بداتە پرۆسەی بێدەنگكردنی چەكەكان و دەوڵەتیش گوڕ بداتە بەدیموكراتیبوون''.
تان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە پەرلەمانی توركیا، بانگەشەی ئەوەیكرد كە توركیا لەناوخۆدا گرژی، شەڕو پێكدادانی تێدایە و لە دنیای دەرەوە پەراوێز خراوە.
ئاڵتان تان ئاماژەی بەوەكرد كە ئەم دۆخە لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە ناكرێت درێژەی پێبدرێت و رایگەیاند ''توركیا ناچارە بە پەلە ئاشتی لەناوخۆ و دەرەوەدا فەراهەم بكات. ئەمە نەك تەنها پەیوەست بە كێشەی كوردەوە. كەرتی گەشتیاری داتەپیوە، هەناردەكردن دەستی بە دابەزین كردووە. لە توركیا قەیرانی ئابووری هەیە. یەكەم خاڵی چارەسەری ئەم كێشانە بە فەراهەمكردنی ئاشتی ناوخۆیی تێدەپەڕیت''.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە راشیگەیاند كە پێویستە توركیا بەپەلە بگەڕێتەوە دۆخی ساڵی ٢٠١٣ و گوتی: ''پەكەكە بێ مەرج خێرایی بداتە پرۆسەی بێدەنگكردنی چەكەكان و بەپێی داواكارییەكەی ئۆجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣دا هێزە چەكدارەكانی بۆ دەرەوەی توركیا بكێشێتەوە و كۆتایی بە داواكردنی مافەكان لەڕێگەی چەكدارییەوە بهێنیت. لەسەر حكوومەتیش پێویستە كە ئەو هەنگاوانە بهاوێژێت كە گرنگن، هەریەك لە دیالۆگ، كۆبوونەوەكان و بەدیموكراتیبوون بخاتە نێو دەستووری نوێوە و ئەنجامێك بداتە گفتوگۆكان. ئەم ئاراستەیەی توركیا گرتوویەتییە بەر ئاراستەیەكی باش نییە بۆ هاووڵاتییانی كۆماری توركیا''.
تان سەبارەت بە لێدوانەكەی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە رایگەیاندبوو 'ئەگەری هەیە رەگەزنامەی توركیا لەو كەسانە وەربگیرێتەوە كە هاوكاری تیرۆریان كردووە' رایگەیاند ''مرۆڤێك چەندێكیش تاوانبار بێت، مافی هاووڵاتیبوون جیاوازە و سزدانی جیاوازە. من ئەم گوتانە وەك قسەیەك بۆ ئامادەبووان دەبینم''.