Zana Natık Kerem
28 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2018
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق، نەقیب فەھەد عابد رایگەیاند، تا ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی، ھەزارو ٩٠٠ تەرمی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی شاری مووسڵ ھەڵگرتووەتەوە.
لە مانگی ئایاری رابردووەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە نەینەوا، دەستیانکردووە بە ھەڵگرتنەوەی تەرمی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ کوژرابوون و تەرمەکانیان کەوتبووە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان.
فەھەد عابد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، تیمەکانی بەرگری شارستانی، تا ئێستا ھەزارو ٩٠٠ تەرمیان لە ناوچەی کۆن بەشی راستی شارەکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان ھەڵگڕتووەتەوە".
بە گوتەی فەھد عابد، ھێشتا ئەو تەرمانە نەناسراونەتەوە کە زۆربەیان تەرمی تیرۆریستانی داعشن.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە لەنێو ئەو تەرمانەدا، تەرمی ئافرەت و منداڵان ھەن کە ھاوسەر و خێزانی تیرۆریستانی داعشن و ساڵی رابردوو لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، کوژرابوون.
ئەو سەرچاوەیە ئەو بەڵگانەی ئاشکرا نەکرد کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو تەرمانە تەنھا تەرمی تیرۆریستانی داعش و خێزانەکانیانن و تەرمی کەسانی مەدەنی نیین.