نەینەوا
خێزانە هەڵاتووەکان کە زیاتر لە 30 خێزان بوون لە کەمپی بەردەڕەش شوێنی حەوانەوەیان بۆ ئامادەکراوە، ئەو خێزانانە لە رووخساریان دەرکەوت، کە رۆژگارێکی سەختییان بەسەربردووە و بە شوێنێ حەوانەوەی تازەیان زۆر بەختەوەرن.
چیرۆکی هەڵاتنەکەیان چۆن دەستیپێکرد و بۆ بڕیاریان دا ژیانیان بخەنە مەترسییەوە
سەرۆکی یەکێک لەخێزانەکان کە کوردی شەبەک بوو، بەناوی (ک،م.ع ) تەمەن ٦١ ساڵ، چیرۆکی هەڵاتنەکەیانی باسی کرد و گوتی، خۆی و خێزانی و کچێکی بەیەکەوە بڕیاریان دا لەدەستی چەکدارانی داعش هەڵبێن و ژیانیان رزگار بکەن، ئەو گوتی: "چوار رۆژ بەر لە هەڵاتنمان 15 چەکداری داعش سەعات ١٢ ی شەو هاتنە سەر ماڵەکەمان و هەموو ماڵی ئێمەیان پشکنی، پاشان پرسیاری کوڕەکەی منیان کرد و گوتییان کوڕەکەت لە کوێیە؟ ئەگەر تا هەفتەیەکی دیکە نەگەڕێتەوە، لەجیاتی ئەو، تۆ دەکوژین."
ئەو زیاتر گوتی: "چەکدارانی داعش هەندێک چاو ساغی خەڵکی ناوچەکەیان لەگەڵە، ئەوان زانیاریان بە داعش دابوو، کە ئێمە کوردی شەبەکین و کوڕەکەی منیش لە دهۆکە، پاش ئەمە بەنیوە شەو بەسەریان داداین و یەکێکیان کە رەشاشی لەدەستدا بوو گوتی، ئەگەر کوڕەکەت تەسلیم نەکەیەوە لەجیاتی ئەو تۆ دەبین".
(ک،م.ع ) هەروەها دەڵێ: "دوو ئۆتۆمبێلم هەبوو نەمتوانی دەربازیان بکەم، هەموو ماڵ و موڵکم بەجێهێشت، دوای چوار رۆژ لە هەڕەشەکەی داعش، شەو درنگ بەترسێکی زۆرەوە خۆم و خێزان و کچەکەم کە تەمەنی ٣٥ ساڵە، لە ناحیەی فازلییە بەپێی کەوتینە رێ، خۆشبەختانە تا گەیشتینە لای پێشمەرگە هیچ شتێکمان نەبینی و بەسەلامەتی دەربازمان بوو".
بەسەرهاتێکی دیکەی خێزانێکی کورد لە نێو شاری مووسڵ
سەرۆکی خێزانێکی دیکەی کورد بەناوی (ج، خ ،د) کەخاوەنی ٦ منداڵە و تەمەنی ٥٦ ساڵە. لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە نێو شاری مووسڵ ئەوانیش رایانکردبوو ئەویش چیرۆکی خۆی باسکرد.
سەرۆکی ئەو خێزانە گوتی: " لە ترس و برسییەتی بێزار بووین نەمانتوانی بەمشێوەیە درێژە بەژیان بدەین، هەموو رۆژ بەسەرهاتی کوشتن و گرتن و لێدان و هەڕەشەکردن هەبوو و چەکدارانی داعش مامەڵەی جیاوازیان لە گەڵ پێکهاتەکان دەکرد، ئێمە وەک کوردی شەبەک هەردەم بەچاوی گومان سەیر کراوین و تۆمەتی هاوکاری پێشمەرگەمان خراوەتەپاڵ ترسی ئەوەم هەبوو بکوژرێن.
(ج، خ ،د) گوتیشی: "بێجگە لە کورد پێکهاتەکانی دیکەش وەک مەسیحی و تورکمان و چەند پێکهاتەیەکی دیکە، ئەمانیش لای داعش جێگای قبووڵ نین و گومانیان لەسەرهەیە، هاوکات زۆربەی خەڵک ئەگەر لەگەڵ داعش نەبن، شەوانە لە لێدانی دەرگای ماڵیان دەترسن و ترسی ئەوەیان هەیە داعش بێتە سەریان و رووبەرووی کێشە ببنەوە.
(ج، خ ،د) کە خۆی دەمامک دابوو لەترسی ئەوەی کەسوکاری لەلایەن داعشەوە ئازار نەدرێن، گوتیشی: "ژیانمان لە مووسڵ پڕ زەحمەت بوو، کارەبا، ئاوی خواردنەوە و کاسبی ئەمانە زۆر بەزحمەت هەبوون، ئەوەی فەرمانبەری دەوڵەت بێ مووچەی هەیە، بەڵام ئەوەی کاسب بێ، زۆر بەزەحمەت پارەی دەست دەکەوێ، ژیان زۆر سەخت بووە، ئێستا کەس لە مووسڵ بیر لە ژیانێکی بەختەوەر ناکاتەوە، لای خەڵک ئەوەی گرنگ بێ، پاراستنی ژیانیانە. ئێستا خەڵک، خواردن و خواردنەوە بە تایبەت ئارد هەڵدەگرن و دەترسن شەڕەکان درێژ خایەن بن و تووشی برسیەتی ببن".
لە هەفتەی رابردووەوە ژمارەیەك خێزان خۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە دەشتاییەكانی مووسڵ دەرباز کرد و گەیشتنە هەرێمی كوردستان و لە چەند شوێنێکی جیا لەوانە كەمپی بەردەڕەش نیشتەجێ کراون.
قائیمقامی قەزای بەردەڕەش سەردار یەحیا لەمباریەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ خێزانی کوردی شەبەک و چەند خێزانێکی دیکە، گەیشتوونەتە سنووری قەزاکە و بەگومانی تووشبوونیان بە نەخۆشی، پشكنینی پێویستیان بۆ كراوە و لەئێستاشدا لەكەمپی گەورەی بەردەڕەش پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ فەراهەم کراوە."
ئەو زیاتر گوتی: "ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاوارەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکات، بەتایبەت ئەو پێکهاتانەی کەلەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراونەتە ئامانج".
یەحیا گوتیشی: "ئەو خێزانانە بەهۆی بەردەوامی و درێژەکێشانی شەڕەوە لە ناوچەکانیان هەڵاتوون و لە ماوەی هەفتەیەكدا بەچەند وەجبەك و خێزان خێزان ناوچەکانیان چۆڵکردوە، ئێستا لەبارودۆخێکی ئارام دان و هاوکاری کراون".
هاوکات فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری بەعشیقە بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "دوو هەفتە بەر لەئێستا ٤٠ خێزانی کورد کە مەبەستیان بوو دەربازی هەرێم بن، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کران و تا ئێستا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە."
سەعید مەموزینی گوتیشی: "جگە لە عەرەبی سووننە، هەموو پێکهاتەکانی دیکەی نێو شاری مووسڵ لە ژێر مەترسی دان و ئومێدی ئەوە دەکەن، شاری مووسڵ جێبهێڵن و روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
کەمپی بەردەڕش زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەی نێو عێراق و هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە و زۆربەی ئاوارەکانی لە کوردی شەبەک و ئیزیدی و عەرەب و مەسیحی تورکمان پێک هاتوون.
قەزای بەردەڕش کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو شارە و زۆرینەی دانیشتووانی کوردن.