سلێمانی
خۆپیشاندانەكە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 17ی شوباتی 2011 لە لایەن چەند چالاكوانێكەوە و بەبەشداری سەدان كەس لە باخی گشتییەوە بۆ بەردەركی سەرا (ناوەندی شارەكە) بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی تونس و میسر و داواكاری ئەنجامدانی چاكسازی دەستی پێكرد.
دوای كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكە، بەشێك لە بەشداربووان كە زۆربەیان لەگەنجان بوون ڕێڕەوی خۆپیشاندانەكەیان بەرەو ڕێگای سالم گۆڕی و بە هوتاف كێشان دژی حكوومەت و لایەنە دەسەڵاتەكان بەڕێكەوتن.
یەكەم بارەگای حزبی كە خۆپیشاندەران پێی گەیشتن بارەگای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو (تەنیشت باخی گشتی لەسەر شەقامی سالم) ، بەهۆی دروست بوونی كێشە لەگەڵ پاسەوانەكانی بارەگاكە و پەلاماردانی بارەگاكە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، پاسەوانەكان تەقەیان كرد و بەو هۆیەوە لاوێك بەناوی (ڕێژوان عەلی) كوژراو ژمارەیەكی دیکەش بریندار بوون.
ئەو ڕووداوە بووە دەستپێكی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان و شار و شارۆچكەكانی دیکەی پارێزگای سلێمانی گرتەوە، دوای 62 ڕۆژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شارەكەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان هێنرا.
خۆپیشاندانەكان لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو كاتەی كوردستان (بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان) بە بەشداری ژمارەیەك لە چالاكوانان و نووسەر و ڕۆشنبیران بەڕێوە دەبران و ئەنجوومەنێكی تایبەت پێكهێنرابوو.
داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران لەماوەی ڕۆژانی خۆپیشاندانەكەدا ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری بوو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانیدا.
هەر لەو كاتەدا حكوومەت و پەرلەمان چەند لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچونی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران پێكهێناو بەڵێنی جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكانیاندا.
پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایدا لە 23/2/2011 بڕیاری ژمارە 1ی دەركرد، كە بە (بڕیارە 17 خاڵیەكە) ناسراوەو لیژنەیەكی لە نوێنەرایەتی سەرجەم فراكسیۆنەكان پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی داواكاری خۆپیشاندەران و دوای كۆكردنەوەی داواكارییەكان و پوختكردنەوەی لەڕاپۆرتێكدا و ئیمزاكردنی لەلایەن سەرجەم فراكسیۆنەكانەوە، لە دانیشتنی ژمارە (7)ی نائاسایی رۆژی 17/3/2011 خوێندرایەوەو دەنگی لەسەر درا.
ئەمڕۆ دوای چوار ساڵ تێپەڕبوون بەسەر خۆپیشاندانەكەدا، لەلایەن بەشێك لە چالاكوانان و كەسوكاری قوربانیانی خۆپیشاندانەكەوە ئەو یادە دەكرێتەوە و چەند چالاكی و گردبوونەوەیەك بەو بۆنەیەوە ئەنجامدران.
باوكی (ڕێژوان) یەكەم قوربانی خۆپیشاندانەكە حاجی عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی:" دوای چوار ساڵ تائێستا بكوژانی ڕۆڵەكانمان دەستگیر نەكراون، هیچ ئومێدێكمان نییە، بكوژان دەستگیر بكرێن لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری ئەوەی پێڕاگەیاندووین كە دەسەڵاتی گرتنی ئەو كەسانەیان نییە".
زمناكۆ گەنجێكی برینداری خۆپیشاندانەكانە و لە رۆژانی خۆپیشاندانەكاندا بەسەختی بریندار بوو، ئەو تائێستاش كاریگەری برینەكەی ماوەو بەو هۆیەوە بە زەحمەت ڕێدەكات.
زمناكۆ تائێستاش داواكارە لایەنی دەسەڵات چاكسازی ئەنجام بدات، لەهەمان كاتدا داوای چارەسەركردنی برینداران و ناردنە دەرەوەیان دەكات بۆ چارەسەر.
نزار محەمەد یەك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان گوتی: "داواكاریمان ئاراستەی لایەنە بەرپرسەكان كردووە بۆ ئەوەی 17ی شوبات بكرێتە رۆژێكی فەرمی".
لە یاداشتێكدا كە ئەمڕۆ پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا لە ڕێگەی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانەوە، داوا كراوە چارەسەری بەپەلەی بریندارانی خۆپیشاندانەكان بكرێ و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بریندارەكان بكرێتەوە .
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان سۆران عومەر لە گوتەیەكدا لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمان بۆ بەشداربووانی گردبوونەوەیەكی تایبەت بە یادەكە گوتی: "لە ئەنجامی پەدواداچوونمان بۆ كەیسەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی ، بۆمان دەركەوت لەلایەن كەسوكاری قوربانیانەوە 92 سكاڵا لەسەر تەقەكەران تۆمار كراوە، لەو سكاڵایانەش زۆربەی داخراون و تەنها 7 كەیس ماوەتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، کە فەرمانی دەستگیركردن بۆ 15 كەس دەرچووە بە تۆمەتی تەقەكردن، بەڵام كەسیان دەستگیر نەكراون.
فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا لەبەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوە دەكات دوای چوار ساڵ، ئێستاش داخوازیەكانی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر زیندوون و سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە ریفۆرمی بنەڕەتی هەیە و پشتگوێخستنی خواستی چاككاری وڵات رووبەڕووی مەترسی و لێكترازان دەكاتەوە.
لەلای خۆیەوە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داخوازییەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات لە پێشینەی كارەكانیان دەزانن و ئاماژەیان بەوە كردووە" ئەگەرچی تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی كرداری چاكسازییكردن لە دام و دەزگا حكوومییەكان و بنەبڕكردنی گەندەڵی لە ئاست خواستی ئێمە و داواكاری جەماوەردا نییە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر بونیاتنانی حكوومەتێكی دامەزراوەیی و دوور لە هەموو پاشەگەردانی و بێ سەرووبەرووبەری و گەندەڵیەك".