نەینەوا
لەكۆتایی ساڵی رابردوودا پاش رێككەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، رەزامەندی لەسەر كردنەوەی سێ سەربازگەی مەشقكردن لە سنووری ئێدارەی هەرێمی كوردستان نیشاندا، سەربازگەیەكیان لە ناوچەی بەعشیقە و سەربازگەیەكی دیكەش لە نزیك ناحیەی زلكای سەر بەقەزای شێخان و ئەوەی سێیەمینیشیان لە قەزای مەخموور بوو.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەو سەربازگانە كۆی گشتی سەربازەكان، بە خۆبەخش و پۆلیس و سەرباز، "دەگاتە نزیكەی 15 هەزار كەس لە سەربازگەی بەعشیقە نزیكەی هەشت هەزار كەس و لە سەربازگەی مەخموریش نزیكەی سێ هەزار كەس و ئەوەی زیلكاش نزیكەی پێنج هەزار كەس كە 1500 كەسیان لەو سەربازگەیە مەشقی تەواو كردووە".
عەمیدی روكن واسیق حەمدانی جێگری فەرماندەی سەربازگەی ئازادكردنەوەی مووسڵ لەنزیك بەعشیقە لەلێدوانێكی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: " تەواوی پۆلیسەكانی سەر بە پارێزگای مووسڵ مەشقە سەربازییەكانیان تەواو كردووە و لەو پەری ئامادەباشی دان بۆ جەنگ لەدژی داعش".
جێگری فەرماندەی سەربازگەی ئازادكردنەوەی مووسڵ گوتیشی: "مەشقە سەربازییەكانیان، لە سەر چەكی تازە و شەڕی كۆڵان بەكۆڵان و تەكنیكەكانی چۆنیەتی شەڕی داعش لەسەر ئاستی بەرز وەرگیراوە و ئەوان چاوەڕێ بڕیاری سەرووی خۆیان دەكەن بۆ شەڕی داعش و ئازادكرنەوەی مووسڵ.
ئەو سەربازگەیە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و 30 كیلۆمەتر لەسەنتەری شارەكەوە و دوورە، نزیكی ئەو سەربازگەیە لە سەنگەرەكانی داعش كە لە نێوان هەردوولا، سەنگەری هێزی پێشمەرگە هەیە، كەمتر لە 10 كیلۆمەترە.
واسیق حەمدانی لەو باریەوە روونیكردەوە :"پۆلیسەكان ژمارەیان دەگاتە نزیكەی هەشت هەزار كەس، سەرجەمیان دانیشتووی پارێزگای نەینەوان و خەڵكی دەرەوەی پارێزگاكەیان لەنێو دانییە و ئەو پۆلیسانەش لە عەرەبی سووننە و شەبەك و توركمان و كورد و مەسیحی پێكهاتوون و زۆربەی پۆلیسەكان، كەسوكارەكانیان بوونەتە قوربانی دەستی چەكدارانی داعش.
ئەو گوتیشی: "بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ دانیشتوانی شارەكە هەیە و خەڵك چاوەڕێ زوو دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەكەن و ئومێد دەكەن، لەدەستی داعش رزگاریان بێت، بۆئەمەش هاوكاری تەواوی هێزەكانیان دەكەن.
لەسەربازگەكە دا چەكی قورس و سووك دەبینرا بەڵام ئامادەنەبوون وێنەی جۆری چەكەكان بگیرێت، سەبارەت بەم مژارەش جێگری فەرماندەی سەربازگەكە گوتی: "چەكی قورس و سووكمان لەبەردەستە، رۆژانە دووجار پۆلیسەكان بە چەكی زیندوو مەشق دەكەن و چاوەڕێ دەكەین هەندێك چەكی قورسی دیكەی تازەش لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەكە بگاتە سەربازگەكە و لەشەڕی داعش بەكاری بهێنین.
بەگوتەی ئەو ئەفسەرە باڵایەی مووسڵ، پرۆسەكە نزیكبۆتەوە، ئەوانیش حەز دەكەن، زوو دەست پێ بكات لەو باریەوە گوتی: "ئێمە لایەنی جیبەجێكارین واتە هەر كاتێك بڕیاربدرێ، دەست بە پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەكەین و هەموو سەربازەكانمان ئەوە دەخوازن زوو بگەرێنەوە ماڵوحاڵی خۆیان، وەك فەرماندەیەك پێم وایە پرۆسەكە نزیك بێت و چونكە ئامادەكاری باش كراوە".
سەبارەت بە ئەگەری بەشداری هێزی پێشمەرگە لە ئازادكردنەوەی مووسڵ، عەمیدی روكن واسیق حەمدانی گوتی: "بەشداری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان زۆر گرنگە و ئەگەر ئەو دوو هێزە بەشداری پرۆسەكە بكەن، دەتوانرێ بەماوەیەكی كەم شاری مووسڵ رزگار بكرێت و ئەگەر پێشمەرگە بەشداری نەبێ، وای دەبینم رزگاركردنی شارەكە دوا كەوێت".
لە 10ی حوزیرانی ساڵی رابردوو چەكدارانی داعش شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵكرد و دواتر دەستیانگرت بەسەر زۆر لە قەزا و ناحییەكانی سەر بە پارێزگای نەینەوا و سوپای عێراق لێی كشایەوە.