Rewa Mahmood Hasan
16 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ١٦ی شوباتی ٢٠٢٠، بڕیارە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لەگەڵ وەفدێکی یاوەریدا سەردانی شاری سليمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیعێراق کاتژمێر١٦:٠٠ دەگاتە شاری سلێمانی و ئامانج لە سەردانەکەی، گفتوگۆکردنە لەسەر هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کە بڕیارە لە میانی ئەم هەفتەیەدا، رابگەیەندرێت.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان گوتی: ''ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی سەردانی شاری سلێمانی دەکات، لەدوای ئەوەی سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات، ئامانج لە سەردانەکەی ئەوەیە کە خوازیارە لە نزیکەوە چاوی بکەوێت بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باس لە گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە و عێراق دەکرێت، هەڵبەت لەچوارچێوەی سەردانەکەدا، باس لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق دەکات، کە پێویستە لەمیانی ئەم چەند رۆژەی داهاتوودا پێکبێت''.