Rewa Mahmood Hasan
26 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی تێپەڕاند و ئەمەیش مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کاتێک زۆرینەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، جوان ئیحسان هۆکارەکانی دژایەتیکردنی فراکسیۆنەکەیانی بۆ پرۆژەیاساکە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پرۆژەیاساکە خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە گێڕانەوەی ئەقڵیەتی عەشیرەتگەری و خێڵەکی، هاوکات لێدانێکیشە لە ماددەی ١٤٠ی دەستوور کە تایبەتە بە رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گوتی: ''ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ شێوازی دەرچواندنی یاسای هەڵبژاردنەکاندا نەبووین بەو شێوازەی ئێستای، بەتایبەت ماددەی ١٥ لە یاساکە، چونکە ئەو سیستەمە هەڵبژاردنیەی هێنراوەتە کایەوە لەگەڵ خواستە پەسەندکراوەکانی خەڵک و دروشمەکاندا بۆ نوێکردنەوە و چاکسازی، یەکناگرێتەوە. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە پشتدەبەستێت بە فرەبازنەیی، فرەبازنەییش لەسەر بنەمای داتا و سەرژمێری ورد دەکرێت کە لەبەردەمی دەوڵەتدا بێت کە ئەمانەیش بوونیان نییە لەنێو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا لە عێراق''.
جوان ئیحسان هۆکارێکی تری ئاشکراکرد بۆ دژایەتیکردنیان بۆ ئەو جۆرە سیستەمەی هەڵبژاردن و گوتی: ''بەکتوپڕیەک هاتن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان هەڵوەشاندەوە، یاسایەکی کتوپڕیان بۆ دانا کە ئەو یاسای کۆمیسیۆنەش کەموکوڕی زۆری تێدایە، بەوەیشەوە نەوەستان، ئەو یاسایەیان هێنا گوایە، ئەمە داواکاری خۆپیشاندەرانە، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمە داواکاری خۆپیشاندەران نییە، ئەوەندەی خواستی هێزێکی سیاسیی، یان چەند هێزێکی سیاسییە بۆ دابەشکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ قۆناغی داهاتوو".
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستمان لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان بوو، راشکاوانە بە ئێمەیان گوت کە ئامادەبن و ئامادەنەبن ئەوا ئێمە ئەو یاسایە هەر تێدەپەڕێنین".
- دیارترین سەرنجەکانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەرامبەر یاسای هەڵبژاردندا
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گوڕان، هوشیار عەبدوڵڵا لەبەرامبەر پەسەندکردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە سەرنجەکانی خۆی کرد لە بەرامبەر یاساکە و لەسێ خاڵدا کۆی کردەوە و گوتی:
یەکەم: دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بەم شێوازەی کە ئێستا هەیە کە لەسەر بنەمای قەزا دابەشکراوە کە ئەمەیش دەرفەتی گەورەی ساختەکاری تێدا ئەنجام دەدرێت. هاوکات بەکارهێنانی چەک و پارەی گشتی بۆ ترساندن و خەڵەتاندن، هەروەها وا دەکات جارێکی تر ئەقڵیەتی عەشایەری و قەبیلەیی و وابەستەیی کۆمەڵەی بچووک بچووک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەم شێوەیە لەسەر ئاستی قەزا نەوەک لەسەر ئاستی بازنەیەکی فراوانتر کاندیدەکان دیاری بکرێت.
دووەم: ئەو کەسەی دەیباتەوە ئەوەیە کە بەرزترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، نەوەک ئەوەی دەنگی ٥٠+١ بەدەست دەهێنێت. ئەمەش بۆخۆی مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر دیموکراسی، چونکە ئەگەر لە قەزایەک ٧٠ کەس خۆی بپاڵێوێت، واتە کەسێک ١٢ هەزار دەنگ بهێنێت دەیباتەوە، کەسێک زۆرترین دەنگ بهێنێت کە ئیتر هەرچەندێکە دەیباتەوە، نەک ٥٠+١ی دەنگدەران کە ئەمە بۆخۆی دیسانەوە مەترسیدارە.
سێیەم: لە هەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر، ئەو ئالییەتەیە کە بژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی، وەک خۆتان دەزانن کە ئەوە چی ناوبانگێکی خراپی هەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو، لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوازی ئەلیکترۆنی".
- "یاساکە هۆکارێکە بۆ ئەوەی پەرلەمانی داهاتوو شوێنی توانایی و کارامەیی تێدا نەبێتەوە، تەنها شوێنی کۆکردنەوەی سەرۆک هۆزەکان بێت"
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گوڕان، هوشیار عەبدوڵڵا لەبارەی ئەوەی کە ئەم یاسایە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی خەڵکانی سەربەخۆ گوتی: ''ئەم یاسایەی بەم شێوازە هەیە تەنها هێزی کوتلە گەورەکان و حزبە گەورەکان، گەورەتر دەکات لە عێراق و هەرێمیش. بەداخەوە هیواداربووم کە بەو چەشنە نەبێت و هەلێک بێت بۆ زیاتر هەڵبژاردنی کەسانی سەربەخۆ".
جوان ئیحسان پێیوایە کە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان ئامادەکاریەکە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوو لەسەر بنەمای هۆز و عەشیرەت دابەش بکرێت و گوتی: ''ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوو، زۆر کەم توانست، جێگەی تێدا دەبێتەوە، زیاترهۆز و بنەماڵە و کەسانێک دەچنە نێوی کە باکگراوندێکی هۆزگەریی دەبێت، هاوکات دەبێتە جێگەی چەند گرووپێکی بچووک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کۆدەبنەوە".
- ''یاساکە گورزێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەت بۆ تورکمانەکان و کوردەکان''
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا کە ئایا یاساکە هۆکارێک دەبێت بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی کەمینەکانی ناوچە جێناکۆکەکانی چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، پێی وابوو کە ئەو سیستەمە نوێیە گورزێکی گەورە دەدات لە ماددەی ١٤٠ بەتایبەت تورکمانەکان پاشان کوردەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە و گوتی: ''وەک ئاشکرایە تا ئێستا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، لەحاڵەتێکدا ئەم یاسایە دەبوو، ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرایە، بەڵام هیچ لۆجیکێکی تێدا نییە کە لە ٢٠٠٥ەوە ماددەیەکی وەکو ١٤٠ هەبێت جێبەجێ نەکرابێت، بەڵام تۆ بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لە عێراق سیستەمێکی هەڵبژاردن دابنرێت لەسەر بنەمای فرەبازنە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرە ئەتنیکی-ە، ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە بەکەڵکی وڵاتێکی لەو چەشنە نایەت، لەلایەکی ترەوە سنووری قەزا و ناحیەکان یەکلایی نەبۆتەوە، بۆ نموونە هەندێک ناوچە لە وەزارەتی پلان داناندا ناحیەیە، بەڵام لە وەزارەتی بازرگانیدا لە لیستی قەزادایە.
جوان ئیحسان پرسی، ئایا ئەگەر هەر کاندیدێک سەربە چینێکی مامناوەند و خوارتر بێت چۆن دەتوانێت بچێتە نێو ئەم پرۆسەیە (هەڵبژاردن)، ئەگەر سەربە لیستێکی تاک بێت؟، جگە لەوە ئەمە کوژاندنەوەی حزبە بچووکەکانە، هاوکات لەناوبردنی حزبە گەورەکانیشە، هیچ پرۆسەیەکی دیموکراسی نییە بەبێ حزب، ئەوەی ئەم یاسایەی هێناوەتە پێشەوە، وای بڕیار داوە کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق زۆرینەی کورسییەکان بۆخۆی دەبات، خۆی حکوومەت دروست دەکات، ئەوکات بەتەنها دەتوانێت حکوومەت دروست بکات، نە شیعەکان بەتەواوی لەسەری رێک دەبن، نە سوننەکان.
- "سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ دژی سیستەمەکەن"
هەرچەندە هۆشیار عەبدوڵڵا پێی وابوو کە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژایەتی ئەو یاسایان کردووە و بەردەوامیش دەبن لە دژایەتیکردنی، بەتایبەت کە تا ئێستا بازنەکانی هەڵبژاردن دیار نین و رایگەیاند، ''سەرۆکی پەرلەمان بە پێشلکاریەکی روون و ئاشکرای یاسایی، سیستەمە نوێییەکەی هێشتۆتەوە، گوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی ئەمە پەسەند بکەن کە ئەمەش جارێکی تر تاوانێکی یاسایی و گوناهێکی یاساییە''.
لەبەرامبەردا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناسر هەرکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی هۆڵی دانیشتنەکە بووین و هەڵوێستمان لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان بوو، رێژەی یاسایی بەبێ ئێمە تەواو بووە و لە چەند رۆژی رابردووشدا جارێکی دیکە ئێمە وامانکرد کە رێژەی یاسایی تەواو نەبێت و نەمانهێشت یاساکە تێپەڕێت، کوتلە سیاسییەکانی عەرەبی خەڵکی خۆیان هەموو ئامادە کردبوو، راشکاوانە بە ئێمەیان گوت کە ئامادەبن و ئامادەنەبن ئەوا ئێمە ئەو یاسایە هەر تێدەپەڕێنین".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان سەبارەت بە ناڕەزایەتی و بایکۆتکردنی دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای سیستەمی نوێی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەدەر لە نەوەی نوێ، بەتایبەت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پارتی دیموکراس\تی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، وەک سێ لیستی گەورەی کوردستانی، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە و دژی پرۆژە یاساکە بوون و هەڵوێستێکی نیشتیمانیان نواندووە.