Heman Husseın Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، شوان سابیر رایگەیاند کە تاوانباری دووبارە و سێ بارە لە بەندیخانەکاندا هەیە.
شوان سابیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پوختەی ئەنجامی سەردانەکانی تۆڕی دادپەروەری بۆ پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو و تیایدا ئاماژەی بە خاڵە ئەرێنیی و نەرێنییەکانی ناو بەندیخانەکان کرد.
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، شوان سابیر گوتی: "بەپێی راپۆرتی ئامادەکاری بەدواداچوون بۆ رەوشی زیندانییان لە کوردستان و عێراق، بەندیخانەکانی عێراق زۆر جەنجاڵن کە هەشت تا ١٠ بەرامبەر توانای خۆی زیندانی تیادایە و سەدا ٨٠ی باڵەخانەی گرتووخانەکان شیاوی ژیانی زیندانییان و دامەزراوەی چاکسازی نین لە رووی رووبەر و گونجانەوە".
شوان سابیر گوتیشی: "بەڕێژەی سەدا ١٠٠، چاکسازییەکانی کوردستان و عێراق، پۆڵێنی تاوانکاریی تیادا نییە و بەڕێژەی سەدا ٣٥ی زیندانییان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە".
شوان سابیر ئاشکرایشی کرد کە سەدا ٣٥ی زیندانییان بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بەماددەی هۆشبەر سزا دراون و لە کۆی گیراوانیش سەدا ٩٥ی حاڵەتی دووبارە و زیاتری تیادایە کە پێشتر بەماددەی جیاجیاوە گیراون و ئازادکراون و دووبارە تاوانکارییان ئەنجامداوەتەوە و ئەمەیشی بە شکستی پڕۆسەی چاکسازی لەناو گرتووخانەکاندا وەسفکرد.
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، شوان سابیر لەبارەی خاڵە ئەرێنییەکانی ناو بەندیخانەکان گوتی: "سەدا ٩٧ی شوێنەکان بە رووی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراونەتەوە، سەدا ١٠٠ی زیندانییان بە یاسایی لە بەندیخانەکاندان و لە ھەموو بەندیخانەکان پێداویستی پاک و خاوێنی دابینکراوە و خواردنی زیندانییان لەسەر ئەرکی دەوڵەت دابین دەکرێت، سەرەڕای پەیڕەوکردنی ئازادی ئایین، تیمی تەندروستی و توێژەری کۆمەڵایەتیشیان هەیە".
بەپێی سەرۆکی تۆری دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، چاکسازییەکانی کوردستان باشترن لە چاکسازییەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق لەڕووی باڵەخانە و خواردن و خزمەتگوزاری تەندروستییەوە.
تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق سەردانی گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان و ١٥ پارێزگای دیکەی عێراقی کردووە و لە نزیکەوە چاودێری رەوشی زیندانییانی کردووە و ساڵانەش لە راپۆرتێکدا دەرەنجامی چاودێری و سەردانەکانییان دەخەنەڕوو.