Rewa Mahmood Hasan
01 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2020
سلێمانی - AA رەوا حاجی
بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی وەرزشی پاسکیلسواری لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەنێو رەگەزی کچ - دا، لە سلێمانی خولێکی مەشق ، راهێنان و فێرکردنی پاسکیلسواری کرایەوە.

راهێنەری پاسکیلسواری سیروان سامی و وەرزشوانی پاسکیلسواری لاڤان ئەحمەد، خولێکی مەشق و راهێنان بۆ فێربوونی پاسکیلسواری بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە دەکەنەوە بۆ کچانی سلێمانی، ئەمیش لەپێناو پێگەیاندنی وەرزشوانی پاسکیلسواری ئەکادیمی.
رۆژی هەینی ٣١ی کانوونی دووهەم یەکەم رۆژی خولەکەبوو، تێیدا ٣٠ کچ کە تەمەنیان لە ١٣-٢٠ ساڵ دەبوو، بەشداریان لە خولەکەدا کرد.

لاڤان ئەحمەد کە یەکێکە لە راهێنەرانی خولەکە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئامانجیان لەم خولە پێگەیاندنی وەرزشوانی کچە لە بواری پاسکیلسواریدا و گووتی: ''ئەوانەی ئارەزووی پەرەپێدانی وەرزشەکە دەکەن لە دوای خولەکە، لەلایەن یانەی وەرزشی نەورۆزەوە هەموو کەلوپەلێکی تایبەت بە وەرزشی پاسکیلسواریان بۆ ئامادە دەکرێت تاکو بتوانن بەشداری بکەن لە پاڵەوانێتیەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و نێودەوڵەتیدا.

خولەکە بەردەوام دەبێت و بەبێ بەرامبەرە بۆ هەموو ئەو فێرخوازە کچانە دەبێت کە تەمەنیان لە ١٣- ٢٠ ساڵە، هەفتانە ٣-٤ جار مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت لە پارکی هەواری شار، کە شوێنی تایبەت بە پاسکیلسواری تێدا دابین کراوە.
پۆشین سۆران کە ١٥ ساڵە و خوێندکاری ٩ی بنەڕەتیە و یەکێکە لە بەشداربوانی خولەکە، ئەو لە یەکەم رۆژی خولەکەدا لەگەڵ باوکیدا هاتبوو بۆ بەشداری کردن، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باوکی پۆشین، سۆران حەمە ئەمین ئاماژەی بەوەدا کە پۆشینی کچی هێناوە بۆ پاسکیلسواری بۆ ئەوەی خۆی بتوانێت ژیانی داهاتووی بنیات بنێت، خولیاکانی خۆی بەدەستی خۆی هەڵبژێرێت و هەوڵیان بۆ بدات.