Rewa Mahmood Hasan
30 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2020
سلێمانی-AA
بەشێكی دیكەی كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كرد و رایانگەیاند بازنەی ناڕەزایەتییەكان فراوانتر دەکەن.
شەش سەندیکای پزیشکی لە سلێمانی راگەیەنراوێکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەیان کردووە.
نوێنەری سەندیکا و رێکخراوەکانی پزیشیکی لە سلێمانی، جەبار محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەک ھەڵوێست وەرگرتنێک دژی دواکەوتنی مووچەکانمان کە نزیکەی ماوەی دوو مانگە پێمان نەدراوە، کارکردن لەو ناوەندانە رادەگرین کە بە زۆنی سارد ھەژمار دەکرێن بە رەچاوکردنی شوێنە ھەستیارەکان".
جەبار محەمەد گوتی: "جگە لە ناوەندەکانی کۆرۆنا و فریاکەوتن، لەسەرجەم نەخۆشخانەکانە و زۆنی سارد ماندەگرین و دەوام ناکەین، ھاووڵاتییانیش ئاگادار دەکەینەوە کە لە رێگەی ھێڵە گەرمەکانەوە لەگەڵیان دەبین و رێگە نادەین ئەوان باجی خەمساردی حکوومەت بدەن. قەیرانەکان بەردەوامی ھەیە و حکوومەت خەمساردە بەرامبەر بەکارەکانمان، بۆیە ئێمە وەک شەش سەندیکای پزیشکی بڕیارماندا کارەکانمان رابگرین، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەشمان ھەڵوێستی توندترمان دەبێت".