Ramal Mahmood
19 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2017
میونخ – AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند کە پشتگیری لەوە دەکەن پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونخ، بارزانی وەڵامی رۆژنامەوانانی تورکی دایەوە.
بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە یەکەمجار لە کەمپی باشیک بیر لەوە کراوەتەوە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق بکرێت لە دژی داعش و گوتی: "لەکاتی سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و هەولێر لە راستیدا ئەو بابەتە چارەسەر کرا".
بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، سەرنجی خستە سەر بەڕێوەچوونی قۆناغەکە و گوتی: "سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین".
لەوەڵامی پرسیارێک لەبارەی داواکارییەکانی گەڕانەوەی پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ بۆ سووریا، بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە جگە لە پەیەدە کوردەکانی دیکەی سووریاش مافی خۆیانە لە ناوچەکانی خۆیان بن، گوتی: "ئەم بابەتەمان ئەمڕۆ تاوتوێ نەکرد. بابەتی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردی سووریایە. واتە ئەوان مافی خۆیانە لەوێ بن و پشتگیری ئەوە دەکەین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووەتەوە و تیشکیان خستووەتە سەر ئەو وێرانکاریی و نیگەرانییانەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە دروستیان کردووە.