Hemin Hüseyin
11 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
شنگال، ئەو ناوچەیەی زۆرترین قوربانیداوە لەکاتی پەلاماردانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر ناوچەکانی هەریمی کوردستان. سەرەڕای بەتاڵانبردنی سەروەت و ماڵی هاووڵاتیانی ناوچەکە و بردن و رفاندنی ژنان و کچانی ئێزدی، ناوچەکەش بە تەواوی وێران بووە، بەجۆرێک دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی، چونکە بە گوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی ئەو بوودجەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە لەتوانای حکوومەتدا نییە و پێویستییان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە.
یەکێک لە رێگرییەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بوونی چەکدارانی پەکەکەیە لەو ناوچەیە کە دوای نەمانی داعش ئەوان ناوچەکەیان چۆڵ نەکردووە، چەندین جار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە و داوای لێ کراوە کە ناوچەکە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. هەروەک وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "لەوکاتەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ناحییەی سنونێ، خەریکی پرۆسەیەکی ئاسایی جێگۆڕکێی یەکەکان بوون، لەلایەن گروپێکی سەر بە پەکەکەوە ڕێگریان لێ کراوە و دواتریش تەقەیان لەهێزی پێشمەرگە کردووە" و بەوهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان لەشکری رۆژ و چەکدارانی پەکەکە روویدا و ئەمەش نیگەرانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر هێزێک لە دەرەوەی یاسا دروست بووبێت ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی مەترسی و کێشە و گرفت بۆ ناوچەکە.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەبێت هەموو لایەک درک بەوە بکەین کە هەر هێزێکی سیاسیی لە دەرەوەی یاسا دروست بووبێت ئەوا مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات، وەکو ئەو مەترسییەی چەکدارانی پەکەکە لەناوچەی شنگال دروستییان کردووە و پێویست ناکات بوونیان هەبێت لە شنگال و مەخموور و ناوچەکانی دیکە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە پێویستییان بەو هێزە نییە، بۆیە دەبێت پەکەکە بەبێ دروستکردنی هیچ گرفتێک لە شنگال بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی کێشە لەو ناوچەیە دروست نەبێت".
ئایدن مەعروف، پێیوایە کە "پەکەکە هیچ کاتێک نوێنەرایەتی کوردی نەکردووە، بەڵکو ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ دەکات و ئاماژەش بەوە دەکات کە دەبێت حکوومەتی عێراق هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات لەبارەی داواکارییەکانییان بۆ دەرچوونی پەکەکە لە شنگال" و لەمبارەیەوە گوتی: "دەبێت ئەوە بزانرێن کە پەکەکە هیچ کاتێک نوێنەرایەتی کوردی نەکردووە، بەڵکو خزمەتی سیاسەتی وڵاتێکی ئیقلیمی کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی، لە ئێستاشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات لە هەمانکاتدا دەبێت حکوومەتی بەغداش پشتگیری داواکارییەکەی حکوومەتی هەرێم بکات، چونکە ئەوانە گرووپێکی تیرۆریستین".
دوای رووداوەکەی کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنونێی سەربە قەزای شنگال، نیگەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ئەوە کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هەموو لایەنەکانیش بەشدارن لە حکوومەت، بۆیە دەبێت هەموویان خۆیان بەخاوەن کێشەکە بزانن و لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف گوتی: "لایەنەکان زیاتر موزایەدەی سیاسیی دەکەن چونکە ئەوە مەسەلەی حکوومەتی هەرێم و پەکەکەیە، چونکە پەکەکە خزمەتی ئەجێندایەکی ئیقلیمی دەکات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئەو وڵاتانە و دەیەوێت سەقامگیری سیاسیی بشێوێنێت بەتایبەت ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەیەوێت پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تێک بدات. بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوهەڵوێست بن و پشتگیری لە داواکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف گوتیشی: "پێشبینی دەکەین کە پەکەکە بەبێ گرفت ئەو ناوچانە چۆڵ ناکات چونکە لە رابردووشدا سیاسەتی پەکەکە بەم شێوەیە بووە، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان هەمان سیاسەتی پەیڕەوکرد و لە قامیشلۆ بەهەمان شێوە، ئەوە لە شنگالیش وا دەیبینین، بۆیە سیاسەتی پەکەکە لە بەرژەوەندی گەلی کورد دا نییە و رێگرە لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکە و زیاتر خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دیکەیە".
قەزای شنگال بە دووری ١٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ و لەڕووی کارگیڕێییەوە سەربە پارێزگای مووسڵ بووە هاوکات لە ساڵی ١٩٤٧ دا قەزای شنگال ٦٠٠ ماڵ بووە کە بەسەر ٦ گەڕەکە سەرەکییەکەیدا دابەشبووە، کە بریتیبوون سەنتەری قەزای شنگال، سەرا، بورج، کەلاھی، بەرسەھی، بەربەروش.
لە ٣ـی ٨ـی ساڵی ٢٠١٤ گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش پەلاماری قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دا و بەو هۆیەوەشەوە بە هەزاران کەسیان لێ کوشتن و چەندین ژن و کچی ئێزدیشییان رفاند کە تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە.
دوای دوو رۆژ لە دەستپێکردنی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شنگال لە رۆژی ١٣ـی ١١ـی ٢٠١٥ لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مەسعود بازانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و رزگارکردنەوەی تەواوی قەزای شنگال راگەیەندرا.
سەنتەری شنگال رێژەی ٨٥ لەسەدی وێران بووە، لە کۆی ٨ھەزارو١٠٥ خانووی ھاووڵاتییان لە شارەکەدا، ٥ھەزارو ٣٠٠ خانوو بە تەواوی وێران بوونە، هاوکات لە کۆی ٢هەزار دووکانیش، هەر هەموویان بە تەواوی وێران بوونە. ئەو ژمارە خانووەش کە ماوەتەوە ئەوا بەرێژەی سەدا ٥٠ وێران بووە، ھەرچی ناوچەکانی دیکەی سەربە شنگالن وەکو ناحییەی سنونێ و کۆمەڵگای دووگر و خانەسۆر و دۆلا و ناحیەی گرعزێر و ناحیەی بلێ، زیاتر لە ١٠ ھەزار خانووی تێدا وێران بووە.