Salim Xemexan
11 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
لەگردبوونەوەکەدا کە لەسەر مەزاری شەھیدانی ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، یەکێک لەتاقانەکانی ھەڵەبجە، حاجی تاھیر عەبدولڕەحمان بەیاننامەی تاقانەکانی جینۆسایدی ھەڵەبجەی خوێندەوە کە تیایدا ھاتبووە:" لەیادی ٢٩ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا ئەوانەمان کە ماوین رایدەگەیەنین کە لەماوەی رابردوودا ھیچ لایەن و دەسەڵاتێک ھەستی بەبەرپرسیارێتی نەکردووە بەرامبەر تاقانەکان، تا دێت ژیانمان خراپتر دەبێت و ھیچ ھەنگاوێک بەدی ناکەین، لەکاتێکدا ئێمە وەک پەیژە بەکار دەھێنرێین".
ئاراس عابد یەکێکی دیکەیە لەتاقانەکانی ھەڵەبجە کە ١٣ ئەندامی خێزانەکەی لەکیمیابارانی ھەڵەبجەدا شەھیدبوونە، ئەو نیگەرانە لەوەی رۆژ بەرۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی وەک تاقانەی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن لەزیادبووندایە، بەو پێیەی لەسەروبەندی دەرچوونی یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆسایدی هەریمی کوردستاندا، بەفەرمی تەنھا ١٦٨ کەس وەک تاقانەی جینۆساید تۆمار کرابوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی کردووە.
ئاراس عابد گوتی: "ئێمە داواکارین یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆسایدی هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەر کەسێک کە تاقانەیە بەپێی ئەو یاسایە تۆمار بکرێت، بەدەر لە بڕگە و ماددەکانی یاساکە تۆمارکردنی ھەرکەسێکی تر قابیلی قبوڵ نییە، بۆیەشە لەبەیاننامەکەماندا داوامان کردووە، یاسای تاقانەکان کە پەرلەمان دەری کردووە و سەرۆکی ھەرێم واژووی کردووە وەک خۆی و بەپەلە و بەبێ دەستکاریی کردن کاری پێ بکرێت و ھەر گۆڕانکارییەک تیایدا پێویستە ئێمەی لێ ئاگادار بکرێتەوە ئەگەر نا رێگای یاسایی دەگرینە بەر، چونکە ئاگادارین خەڵکێک تۆمار کراوە کە تاقانە نییە".
بەگوێرەی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٥ی یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆساید لەھەرێمی کوردستان/ عێراق، تاقانەی جینۆساید ئەو کەسەیە کە لەکاتی روودانی تاوانەکانی جینۆساید دژ بەگەلی کورد، پاش شەھید کردنی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بەتەنھا رزگاری بووبێت.
نیگەرانیەکانی تاقانەکانی ھەڵەبجەش لەزیادبوونی ژمارەی تاقانەکانی جینۆساید دوای ئەوە ھات کە ھەفتەی رابردوو لەکاتی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدانی ھەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی ھەرێمی کوردستان، بەختیار فەرەج لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند "تا ئێستا ٣٢١ کەس وەک تاقانەی تاوانەکانی جینۆساید دژ بەگەلی کورد لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەریمی کوردستان تۆمار کراون، کە لەو ژمارەیە ٣١ کەسیان تاقانەی کیمیابارانی ھەڵەبجەن".