Salim Xemexan
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەڵەبجە نوخشە ناسح پاش کردنەوەی پێشانگاکە و دوای وەرگرتنی کتێبێک و بەخشینی دوو کتێب بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "بیرۆکەیەکی جیاواز بوو کە گروپی نمەی باران خستیانە روو بۆ ئێمە تا سەرپەرشتی بکەین، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە پشتیوانی پرۆژەکەمان کردن، یەکەم کەس بەشداریی پێشانگاکەمان کرد و دوو کتێبمان بەخشی و کتێبێکیشمان وەرگرت".
گوتیشی: "زۆربەمان خاوەنی کتێبین کە پاش خوێندنەوەی دامان ناوە، بەبەخشینی بەم پێشانگایە کەسێکی تر لێی سوودمەند دەبێت و خۆشت دەتوانیت کتێبی خوازیاری خۆت بەدەست بھێنیت، بەتایبەتی لەئێستادا کە کڕینی کتێب تارادەیەک بەھۆی قەیرانی داراییەوە قورس بووە، بۆیە دەتوانین لەڕێی ئەم پێشانگایەوە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین، لەگەڵ ئەوەش بۆچەند ساتێک ھاووڵاتیان لەقەیرانی سیاسی و دارایی بگوازینەوە جیھانی کتێب و فیکر و خوێندنەوە".
گروپی نمەی باران گروپێکی پێکھاتوو لەژمارەیەک لەگەنجان و خوێندکارانی زانکۆیە، بەھاوکاریی پازدە رێکخراوی مەدەنی پێشانگاکەیان کردووەتەوە، کە تیایدا ھەر کەسێک سەردانی پێشانگاکە دەکات دەتوانێت دوو کتێب بەئارەزووی خۆی وەربگرێت، ئەوانەش کتێب دەبەخشن، دەتوان بەقەد ژمارەی کتێبە بەخشراوەکان و دوو کتێبی زیادەش وەربگرن.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەڵەبجەی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان و یەکێک لەسەرپەرشتیارانی پێشانگاکە ئەرسەلان عابید بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ئەمڕۆ پێشانگایەکی جیاوازمان کردەوە کە لەگەڵ بارودۆخی خوێنەرانمان بگونجێت، بەو پێیەی قەیرانی ئابووری رێگرە لەوەی خوێنەران دەستیان بەکتێب بگات و خواستە مەعنەویەکانیان بەدەستبخەن، کە ژمارەیەکی زۆر باش لە خەڵکی ئەم شارە بەتایبەت خوێندکاران و لاوان بەشداریان تێیدا کردووە".
عابید گوتیشی: "کاتێک بڕیارمان لەسەر چالاکیەکەدا، بەردەوامیی پێدانیمان ھێشتەوە بۆ پێشوازی خوێنەران لەپێشانگاکەدا، ھەر لەگەڵ کردنەوەشی دامانناوە لانیکەم ساڵانە ئەم پێشانگایە بکەینەوە، بەڵام بەدەمەوە ھاتن و ئەو بەخشینە زۆرەی کتێبە وامان لێدەکات بڕیاری نوێ بدەین، ئەمەش بەراوێژ لەگەڵ رێکخراوەکانی تر دەکرێت بیکەینە وەرزی یان لانیکەم ساڵی دووجار، بۆئەوەی ھەم کتێبەکان لەکتێبخانەکاندا نەمرن، ھەم قەیرانی ئابووریش نەبێتە رێگر لەبەردەم خوێنەراندا بۆدەستراگەیشتنیان بەکتێبەکان".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەڵەبجەی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان گوتیشی: "ئەمڕۆ پێشانگاکە تا ئێوارە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەین تیایدا نزیکەی پێنج ھەزار کتێب لەنێوان خوێنەراندا ئاڵوگۆڕی پێبکرێت".