Ramal Mahmood
09 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2016
نیویۆرک - AA
خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار، رۆبەرت دی نیرۆ لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەتوندی هێرش دەکاتە سەر کاندیدی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت: "دەمەویست مستێک لە رووخساری بدەم".
ئەستێرەی بەناوبانگی هولیوود، رۆبەرت دی نیرۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەمیانی هەڵمەتێک بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە ٨ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەناوی بۆ ئاییندەت دەنگ بدە (#VoteYourFuture) بەتوندی هێرش دەکاتە سەر ترەمپ.
لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دی نیرۆ ستایشی گوتەیەکی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا، کۆڵن پاوڵی کرد کە لەبارەی ترەمپەوە گوتبووی "ئەو سەرچاوەی شەرمەزارییە بۆ ئەم وڵاتە. بەڵایەکی نەتەوەییە"، ئاماژەی بەوەشدا کە ترەمپ نازانێت دەڵێت چی، گوتیشی: "لەبارەی ئەوەی چۆن دەیەوێت مست لە رووخساری خەڵک بدات بدوێت؟ باش دەمویست مست لە رووخساری ئەو بدەم".
دی نیرۆ لەبارەی ترەمپەوە وشەکانی وەک "گێژی بێپەروا"، "بەراز"، "سەگ" و "سەرسەری" بەکارهێنا. لە قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ترەمپ ئەو کەسە نییە کە بتوانێت ئەمریکا بەڕێوە ببات، گوتیشی: "من پێموانییە ئەو کەسەمان بوێت بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. ئەم ئاراستەیەی وڵات گرنگی پێنادەم. زۆر زۆر لەئەگەری ئەوەی ئاراستەی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەستی کەسێکی هەڵەی وەک دۆناڵد ترەمپ".
ناوبراو بانگهێشتی هاووڵاتیانیشی کرد بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان و گوتی: "ئەگەر گرنگی بە داهاتووتان دەدەن، دەنگ بدەن".