Rewa Mahmut Hasan,Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
مانگێكی ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا و دیبه‌یتێكی راسته‌وخۆی هه‌ردوو كاندیدی كۆمارییه‌كان، دۆناڵد تره‌مپ و كاندیدی دیموكراته‌كان، هیلاری كلینتۆن بووه یه‌كێك له توندترین مشتومڕه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی.
تره‌مپ و كلینتۆن كه هه‌ردووكیان كاندین بۆ 58همین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا، بۆ جاری دووه‌م له دیبه‌یتێكی راسته‌وخۆدا به‌یه‌كگه‌یشتن و دیبه‌یته‌كه له زانكۆی واشنتۆن ویلایه‌تی مینیسۆتا به‌ڕێوه‌چوو.
دیبه‌یته‌كه كه ماوه‌ی یەک كاتژمێر و ٣٠ خولەکی خایاند، له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی به مشتومڕی توند تێپه‌ڕی و تره‌مپ و كلینتۆن له‌هه‌موو بابه‌ته‌كاندا به‌توندی یه‌كتریان تۆمه‌تبارده‌كرد.
هه‌ردوو كاندید لهدیبهیتهكهدا وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بووانی هۆڵه‌كه و پرسیاری به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان دایه‌وه.
له‌به‌شی یه‌كه‌می دیبه‌یته‌كه‌دا، ئه‌و گرته ڤیدیۆییه باسكرا كه هه‌ینیی رابردوو بڵاوبووه‌وه و تێیدا تره‌مپ له ساڵی 2005دا گوته‌ی توند و نه‌شیاو به‌رامبه‌ر ژنێك به‌كارده‌هێنێت.
كلینتۆن وه‌بیریهێنایه‌وه كه تره‌مپ چه‌ندین جار گوته‌ی نه‌شیاوی به‌رامبه‌ر ژنان و پێكهاته جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه به‌كارهێناوه و داوای لێبوردنی نه‌كردووه و "درۆزنێكی نهژاپهرسته".
له‌به‌رامبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ جارێكی دیكه به‌هۆی گوتهكانیهوه داوای لێبوردنی كرد و به ئابڕوچوونه‌كه‌ی بیل كلینتۆنی هاوسه‌ری له كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ مۆنیكا لوینسكی وه‌ڵامی هیلاری كلینتۆنی دایه‌وه.
- هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكردنی كلینتۆن له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه
تره‌مپ سه‌باره‌ت به سڕینه‌وه‌ی پۆسته ئه‌لیكترۆنییه‌كان كلینتۆنی تۆمهتباركردهوه و بابه‌ته‌كه‌ی به بابه‌تێكی زۆر جددی ناو برد و به‌ئاشكرا بانگه‌شه‌ی كرد كلینتۆن تاوانی ئه‌نجامداوه.
هه‌روه‌ها ملیاردێر تره‌مپ رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر بچێته كۆشكی سپییه‌وه، دادگایه‌كی تایبه‌ت راده‌ستپێرێت بۆ دادگاییكردنی كلینتۆن و رەوانەی زیندانی دەکات.
كلینتۆنیش جارێكی دیكه بابه‌تی نه‌دانی باجی له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه دووپاتكرده‌وه و گوتی: "تا ئه‌مڕۆ به هیچ كۆماریخوازێكم نه‌گوتووه شیاوی سه‌رۆكایه‌تی نییه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ تره‌مپ ده‌ڵێم".
تره‌مپیش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد کە كلینتۆن پشتی به كۆمپانیاكانی Wall Street به‌ستووه و به هاوكاریی ناڕه‌وای كۆمپانیا گه‌وره‌كان بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌بات.
- مسوڵمانانی ئه‌مریكا
كلینتۆن له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به مسوڵمانانی ئه‌مریكا گوتی: "له‌سه‌رده‌می جۆرج واشنتۆنه‌وه له‌م وڵاته‌دا مسوڵمان هه‌یه و كه‌سانی وه‌ك محه‌مه‌د عه‌لی-یان تیاهەڵکەوتووه كه خاوه‌نی سه‌ركه‌وتنێكی له‌بیرنه‌كراوه" و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به سه‌رۆك هه‌ڵبژیردرێت، مسوڵمانانی ئه‌مریكا وه‌ك هه‌ر تاكێك به یه‌كسانی ده‌ژین.
هیلاری کلینتۆن ئاماژەی بەوەشکرد ئەو وڵاتانەی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعشن، زۆرێکیان وڵاتانی مسوڵمانن و ئەمریکا هاوشانی ئەوان بەگژ تیرۆردا دەچێتەوە، راشیگەیاند "گوتەکانی ترەمپ لەبارەی مسوڵمانانەوە، دیارییەکە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و رێگەیەکە بۆ ئەوەی خەڵکی زۆرتر ببەنە ریزەکانیانەوە''.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی گوتەکانی خۆی وەبیرهێنرایەوە کە رایگەیاندبوو ''با مسوڵمانان لە ئەمریکا وەرنەگرین''، باسی لەوەکرد کە پێویستە رێکاری ئەمنیی توند بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا بگیرێتە بەر کە لەوڵاتانی هاوشێوەی سووریاوە دێنە ئەمریکا و گوتی: ''کاتێک کە مسوڵمانەکان شتێک دەبینن، پێویستە زانیاریی لەوبارەیەوە بدەن (بە کاربەدەستان)، ئەگەر بێت و ئەمە نەکەن، ئەوا کێشە درووست دەبێت''.
ترەمپ جارێکی دیکە دەستەواژەی ''تیرۆری ئیسلامی ئوسوڵی'' بەکارهێنایەوە و ئۆباما و کلینتۆنی بەوە تاوانبارکرد کە خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بەدووردەگرن. لەبەرامبەریشدا کلینتۆن جەختی لەوەکردەوە کە ''جەنگی ئێمە لەدژی ئیسلام نییە'' و ئەو پێی باشە دەستەواژەی ''تیرۆری جیهادیی توندوتیژ'' بەکاربهێنێت.
- مشت‌ومڕ سەبارەت بە سووریا و حەلەب
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بەمەبەستی رێگرییکردن لە کارەساتی حەلەب، بەنیازن چی بکەن، کلینتۆن هاوشێوەی رابردوو، دووبارە پێشنیازەکانی ''ناوچەی دژەفڕین'' و ''ناوچەی ئارام''ی دووپاتکردەوە.
هیلاری کلینتۆن پێی وابوو کە رووسیا زۆرترین بەرپرسیارێتیی بەردەکەوێت لە هێرشەکانی سەر حەلەب و دژایەتی خۆی بۆ بەشدارییکردنی سەربازانی ئەمریکا لە جەنگی سووریادا، دووپاتکردەوە. هاوکات بە پێویستی زانی ئەمریکا ئەو هێزە کورد و عەرەبانەی کە لەسووریا و عێراق لەدژی داعش شەڕدەکەن، زیاتر پڕچەک بکات.
لەوەڵامی هەمان پرسیاردا ترەمپ رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لەبارەی سووریاوە گرت، لەکاتێکدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب هیچ پێشنیازێکی نەخستەروو، رایگەیاند ''ئەسەد، رووسیا و ئێران لەدژی داعش دەجەنگن، بەڵام بەهۆی سیاسەتی لاوازی دەرەوەی ئێمەوە، لەئێستادا هەرسێکیان لەدژی ئێمە یەکیانگرتووە''.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ترەمپ سەبارەت بەگوتەیەکی کاندیدی ئەو بۆ جێگری سەرۆک، مایک پێنس رایگەیاند ''من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم''.
پەخشە راستەوخۆکە لە کەشوهەوایەکی تونددا بەڕێوەچوو، ئەمە لەکاتێکدا کە هیچ کامیان ئامادەی تەوقەکردن نەبوون لەگەڵ یەکتر ئەم کردەوەیەیان بووە جێی سەرنجی هەموو ئەمریکیەکان.
هەریەک لە ترەمپ و هیلاری ١٩ی ئەم مانگە جارێکی تر دوایین پرۆگرامی مشتومڕی خۆیان لە زانکۆی نیڤادا شاری لاس فێگاس رۆژئاوای ئەمریکا، ئەنجام دەدەن.