Hakan Çopur
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن- AA
- گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، نێد پرایس: ''بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە لەباشووری خۆرهەڵاتی تورکیا بۆسەر خاڵێکی پشکنینی سەربازیی ئەنجامدرا و تێیدا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ کە هەندێکیان هاووڵاتیی سڤیلن گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوون''.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، نێد پرایس وێرای ئاماژەدان بەوەی کە ئیدارەی وڵاتەکەی بەتوندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی پەکەکە لە هەکاری دەکات، راشیگەیاند ''پشتیوانییەکانمان بۆ تورکیای ئەندام لە ناتۆ، بەشێوەیەکی نەگۆڕ درێژە پێ دەدەین''.
نێد پرایس روونکردنەوەیەکی نووسراوی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی پەکەکە کە بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە کردییە سەر بنکەیەکی جەندرمە لە هەکاری، بڵاوکردەوە.
پرایس لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاند ''ئەمریکا بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لەباشووری خۆرهەڵاتی تورکیا بۆسەر خاڵێکی پشکنینی سەربازیی ئەنجامدرا و تێیدا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ کە هەندێکیان هاووڵاتیی سڤیلن گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆرتریش برینداربوون''.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەختی لەوەکردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هێرشەش ئیدانە دەکات کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی باهچەلیئەڤلەری پارێزگای ئیستانبوڵ کە ''دواتر رێکخراوی 'هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان-تاک' کە سەر بەرێکخستنەکانی پەکەکەیە لە ناوشارەکاندا، ئەنجامدانی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ''.
- ''دوایین هێرشی توندوتیژی لەلایەن پەکەکەوە کە بووەتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ''
نێد پرایس باسی لەوەکردەوە ''ئەمە دوایین هێرشی توندوتیژییە لەلایەن پەکەکەوە کە بووەتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ و هەڵکشانی ئاستی توندوتیژی'' و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە لەئەنجامی هێرشەکانی ئەو رێکخراوەدا لە زۆر ناوچەی تورکیا کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە قوربانی.
پرایس لە روونکردنەوەکەیدا سەرەخۆشیی لەکەسوکاری قوربانییان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە، راشیگەیاندووە: ''پشتیوانییەکانمان بۆ تورکیای ئەندام لە ناتۆ، بەشێوەیەکی نەگۆڕ درێژە پێ دەدەین و دووبارە سووربوونی خۆمان لەسەر کاری هاوبەش بۆ لەناوبردنی هەموو جۆرێکی تیرۆر، دووپات دەکەینەوە''.