Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن- AA
ئەو کاندیدەی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، داهاتووی زەبەلاحترین ئابووریی لەسەر ئاستی جیهان دیاریی دەکات. لەحاڵەتی سەرکەوتنی کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ گۆڕانی ریشەیی لە ئابورریی ئەمریکادا دێتە ئاراوە و ئەگەر بێت و کاندیدی دیموکراتەکان، هیلاری کلینتۆن هەڵببژێردرێت ئەوا پێکهاتەی ئابووریی ئێستا درێژەی دەبێت.
سیاسەتی ئابووریی کلینتۆن و ترەمپ وەک هەموو لایەنەکانی دیکە کە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا باسیان لێوەکردووە، جیاوازیی زۆری هەیە و کاندیدی دیموکراتەکان ئاماژەی بەوەکردووە کە دەبێتە درێژەپێدەری سیاسەتی ئێستای ئابووری ئیدارەی ئەمریکا، هاوکات کاندیدی کۆمارییەکان باسی لەوەکردووە گۆڕانی ریشەیی لەئابوورییدا ئەنجامدەدات بۆ ئەوەی ''جارێکی دیکە ئەمریکا بخاتەوە پلەی نایاب''.
جیاوازیی نێوان سیاسەتی ئەو دوو کاندیدە لەدوای هەڵبژاردنی یەکێکیان وەک سەرۆک کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتەکەیان و جیهانیش دادەنێت.
- سیاسەتی باجی کلینتۆن دەوڵەمەندەکان دەکاتە ئامانج
کلینتۆن پێی وایە بۆ ئەوەی سیستمێکی باجی دادپەروەرانە هەبێت پێویستە دەوڵەمەندەکان باجی زیاتر بدەن. هاوکات گۆڕانکاریی لە یاساکانی باجی تایبەت بە کۆمپانیاکان بکرێت و رێگرییان لێبکرێت بۆ ئەوەی خۆیان لە باج بدزنەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان بنکەی سەرەکییان بەرنە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
- ترەمپ داوای کەمکردنەوەی باجەکان دەکات
ترەمپ پێی وایە بە نزمکردنەوەی ئاستی باجەکان دەتوانرێت ئابووریی بژێندرێتەوە و لەوچوارچێوەیەشدا پێشنیازی ئەوە دەکات رێژەی باج لەداهات و هاوشێوەکانیدا بۆ سێیەک دابەزێنرێت.
- سەبارەت بە بواری بازرگانی ترەمپ لەپێشەوەیە
لەکاتێکدا هیلاری کلینتۆن ئاماژە بەوەدەکات کە تەنها پشتیوانیی لەو رێککەوتننامە بازرگانییانە دەکات کە هەلی کاری زیاتر و مووچەی بەرزتر دەستەبەردەکەن، ترەمپ باسی ئەو رێککەوتننامانەش دەکات کە ئێستا بەرکارن و ئەوانەش کە دانوستان لەبارەیانەوە بەردەوامە و بەوەشەوە ناوەستێت و باسی هەڵوەشاندنەوەیان دەکات ئەگەر پێویست بکات و بەمەش لەو بوارەدا دەکەوێتە پێش رکابەرەکەیەوە.
- گۆڕانکارییەکانی ناو بانکی ناوەندی
یەکێک لەو دامەزراوانەی دیکەی داهاتووی پەیوەستە بەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە، بانکی ناوەندی ئەمریکایە. ترەمپ لە زۆر شوێن ئاماژەی بەوەکردووە کە بانکی ناوەندی وڵاتەکەی بڕیاری سیاسیی لە بەرژەوەندی کۆشکی سپی دەدات و پێی وایە کە بانکەکە ''ئاستی سوو بەنزمی دەهێڵێتەوە چونکە نایەوێت هەموو شتێک دابڕووخێت'' و لەو رێگەیەشەوە سەرۆکی ئێستای بانکەکە جانت یەڵنی کردووەتە ئامانج.
هەربۆیە ئەگەر بێت و ترەمپ هەڵببژێردرێت ئەوا ئەگەری زۆرە سەرۆکی ئێستای بانکی ناوەندی ئەمریکا بەکەسێکی دیکە بگۆڕدرێت. گۆڕانکاریی لەسیاسەتی بانکی ناوەندی ئەمریکاشدا کاریگەریی دەکاتە سەر سیاسەتی ئابووریی جیهان.
- کەمترین کرێی کارکردن لای کلینتۆن 12 دۆلار و لای ترەمپ 10 دۆلارە
کاندیدی دیموکراتەکان پێشنیازی ئەوەی کردووە کەمترین کرێی کارکردن لەئەمریکا بۆ هەر کاتژمێرێک پێویستە لە 7 دۆلار و نیوەوە بکرێتە 12 دۆلار. لەبەرامبەر ئەمەدا کاندیدی کۆمارییەکان سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک روونکردنەوەی جۆراوجۆر و جیاوازی لەوبارەیەوە دا، بەڵام لەدوایین لێدواندا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکردبوو کە پێویستە ئەوە بۆ ویلایەتەکان جێبهێڵرێت تاوەکو بڕیاری لەبارەوە بدەن و پێشی وایە کە دەکرێت رێژەیەکی کەمی کرێی کارکردن بۆ هەر کاتژمێرێک بەرزبکرێتەوە و بکرێتە 10 دۆلار.