Ramal Mahmood
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2016
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لەگەڵ نوێنەرانی رەشپێستەکانی ئەمریکا کۆبووەوە، (خەڵاتی پێشەنگ)ی بەخشییە پاڵێوراوی پارتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن و گوتارێکی پێشکەشکرد.
باراک ئۆباما بێ ناوهێنان رەخنەی لە پاڵێوراوی کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرت و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە یەکێک لە ملیاردێرە بە ناوبانگەکان پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد "ئۆباما لە ئەمریکا لەدایکنەبووە"، بەڵام چەند رۆژێکە پەشیمان بووەتەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گوتی: "لە کۆتاییدا بەر لەهەڵبژاردن، کێشەی شوێنی لەدایکبوونی من چارەسەرکرا".
ئۆباما ئاماژەی بەوەدا لە کاتێکدا ئەمریکا لە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ و مێژوویی نزیکدەبێتەوە، شتێکی بێمانایە لەجیاتی قسەکردن لەبارەی داعش، کۆریای باکوور، هەژاریی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا، بەڵگەی شوێنی لەدایکبوون بخرێتەڕوو.
سەرۆکی ئەمریکا بەتوندیی وەڵامی ئەو لێدوانەی ترەمپی دایەوە کە گوتبووی "سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما خراپترین سەردەم بووە بۆ رەشپێستەکانی ئەمریکا" و دوای خستنەڕووی ژمارەیەک نموونە لە مێژووی رەشپێستەکان، گوتی: "ئێمە مۆزەخانەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو سەردانی بکات. بەڵکو لەوێ لە بابەتەکە تێبگات. بەمجۆرە ئەو فێردەکەین".
باراک ئۆباما لە بارەی دۆناڵد ترەمپەوە گوتی: "کەسێکە دژی مافى هاووڵاتییان و یەکسانی وبەدرێژایی ژیانی گرنگیی نەداوە بە چینی کرێکاران".
ئۆباما جەختی لەوەکردەوە بۆ هەڵبژاردنەکان هەر دەنگێک گرنگیی زۆر و بەهای خۆی هەیە و ئەو دەستکەوتانەی لەساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٢دا ئەو بەدەستیهێناوە، کلینتۆن بەرەو پێشیاندەبات. هەروەها داوای لە رەشپێستەکان کرد دەنگ بە هیلاری کلینتۆن بدەن و هەست بەوەبکەن ئەو دەسکەوتانەی بەدەستهاتوون، دەستکەوتی کەسیی خۆیانن.
کلینتۆن کە بەرلە ئۆباما گوتارەکەی پێشکەشکرد، ستایشی سەرۆکی ئەمریکای کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین ئێوە تەنها ئەمریکی نیین، بەڵکو ئەمریکییەکی پایەبەرزن".
هیلاری کلینتۆن ئاماژەی بەوەدا "خولەکانی یاری گۆڵف" و "بەڵگەنامەکانی شوێنی لەدایکبوون" پەیوەندییان نییە بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە و گوتی: "بۆ ئەو کەسانەی شتییان لەبیردەچێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە پەیوەستە بەوەی لەگەڵ کێ شەڕدەکەن".
ئەو بێ ناوهێنان رەخنەی لە دۆناڵد ترمپی رکابەری گرت و گوتی: "دەستکەوتەکانی ئۆباما رادەستی کەسێک ناکەین کە لەگرنگییەکەیان تێناگات و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە".
ئۆباما پێشتریش لە کێبڕکێی دیاریکردنی پاڵێوراوی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە ئاشکرا پشتگیریی کلینتۆنی کرد و لە ژمارەیەک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەشداریکرد.
رۆژی ٨ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی ٥٨ەمینی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. کەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان و بەپێی راپرسییەکان تادێت رێژەی دەنگی هەردوو پاڵێوراو لەیەکتر نزیکدەبنەوە. لەکاتیکدا بەپێی دوایین راپرسییەکان کلینتۆن دوو خاڵ لەپێش ترەمپەوەیە، بە گەرمیی باس لەوەشدەکرێت کە لە ژمارەیەک ویلایەتی گرنگ لە دژی هیلاری کلینتۆن پشتگیریی پاڵێوراوی کۆماریخوازەکان دۆناڵد ترەمپ دەکرێت.