Salim Xemexan
22 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
پێشانگاکە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکان و چالاکوانانی مەدەنی و کەسوکاری شەھیدانی شارەکە و بەدروشمی "جاڕی گەردوونی مافی منداڵان و منداڵە بێناز و بێگۆڕەکانی وڵاتی من" کرایەوە، کە تیایدا ٢٨ فۆتۆی جۆراوجۆری منداڵانی ئەنفالکراوی گەرمیان و فۆتۆی ژمارەیەک لەناسنامەی منداڵانی ئەنفالکراو نمایش کرابوو.
چالاکوانی بواری ئەنفال و جێگری سەرنووسەری گۆڤاری ساڵانەی ئەنفالستان، سمکۆ سابیر لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشانگاکەم بۆگەیاندنی پەیامێکە بەھەڵەبجە بۆئەوەی بڵێم منداڵە ئەنفالکراوەکانی ئێمە و منداڵە ونبووەکانی ئێوە یەک رۆح و یەک جەستەن لەزاکیرەی ئێمەدا، با ئەو یادەوەریە تاڵانە لەیادماندا کاڵ نەبنەوە و بەردەوام کاریان لەسەر بکەین، نامەوێت تەنھا ھەڵەبجەییەکان باسی کیمیابارانی شارەکەیان و گەرمیانیەکان باسی ئەنفالیان بکەن، من دەمەوێت یادەوەریمان ھاوبەش بێت، چونکە تا بیرکردنەوەمان لەئاستێکی لۆکاڵیدا بوەستێت وەک نەتەوە زەرەرمەند دەبین".
گوتیشی: "وەک چالاکێکی بواری ئەنفال لەکاتی گەڕان بەدوای دۆکیۆمێنت و زانیارییەکانی بواری ئەنفال ئەم وێنە و دۆکیۆمێنتانەمان دەست دەکەوێت، کە سەروەتێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، کە پەیوەندیی بەھەموو خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، دوای وەرگرتن و کۆپی کردن و پاراستنیان، وێنە ئەسلێیەکە دەگەڕێنینەوە بۆخاوەنەکەی و دواتر سیڤی تایبەت بۆ وێنەکان دروست دەکەین و لەپرۆژەی تایبەت و پێشانگادا نمایشیان دەکەین، وێنەکانیش ھەموویان منداڵانی ئەنفالکراون، مەگەر بەدەگمەن کەسێکی ناو فۆتۆکان لەئەنفال رزگاری بووبێت".
لەچوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالی ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا نزیکەی ١٨٢ ھەزار مرۆڤی کورد ئەنفال و بێسەروشوێن کران و زیاتر لە پێنج ھەزار گوند خاپوور کران، کە پاشتر و پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق، بەشێک لەرووفاتی ئەو قوربانیانە لەناو گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە کە لەبیابانەکانی عێراقدا کرابوون بەژێرخاکەوە، لەو شاڵاوانەدا پشکی شێر بەر ژنان و منداڵان کەوت و بەھەزاران منداڵ بوونە قوربانی.
جێگری سەرنووسەری گۆڤاری ساڵانەی ئەنفالستان گوتیشی: "بیانووی رژێمی بەعس بۆئەنفالکردنی خەڵکی گەرمیان ئەوە بوو کە ئەیوت ئەوانە بەکرێ گیراون و جاسوسی ئێرانن، ئەو منداڵانە کەسیان تێکدەر نین و ھیچیان مانای جاسوسی و خیانەت نازانن، ئەمانە تەنھا منداڵانێکی گوندیی سادە و ساکارن، وێنەکان ئەو ئاماژانە نمایش دەکەن".
سابیر گوتیشی: "لەڕاستیدا لەھەر ھەشت قۆناغی ئەنفالی کوردستاندا منداڵان بەشێکی سەرەکی قوربانییەکان بوون، ئیتر لە منداڵی تەمەن یەک سەعاتیەوە بگرە تا ھەر تەمەنێکی تر، منداڵ ھەبووە لەناو ئیڤاکاندا لەدایکبووە، منداڵ ھەبووە لەبەندیخانەکاندا لەدایکبووە، تەنانەت منداڵ ھەبووە لەناو سکی دایکیدابووە، دایکی گوللـەباران کراوە".
راشیگەیاند "بەداخەوە دیار نییە چەند منداڵ لەشاڵاوەکانی ئەنفالدا بوونەتە قوربانی، بۆئەمەش ھیچ ئامارێکی ورد بەردەست نییە، ھەموو دەزانین ئەنفال تاوانی جینۆسایدە، ئەوەشی دڵمان خۆش دەکات ئەوەیە جینۆساید نەبڕوای بەژمارە ھەیە، نەبڕوای بەمێژوو ھەیە، واتە ئەو شاڵاوی ئەنفالەی دژ بەئێمە ئەنجام دراوە ئەگەر تەنھا کەسێکیشی تێدا شەھید بووایە، مادام مەرامی لەناوبردنی گەلێک بووە، ھەر بەتاوانی جینۆساید ھەژمار دەکرێت بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان".