Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2016
سلێمانی - AA
هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی عاشوورا لە ناوچەكانی دیکەی عێراق و وڵاتانی جیهان لەلایەن شیعە مەزهەبەكانەوە، لە شاری سلێمانیش سەدان كەس لە ژن و پیاو، پیر و منداڵ بە جلوبەرگی رەش و هەڵكردنی چەند ئاڵایەكی سەوز و رەش، بە لەخۆدان یادەكە دەكرێتەوە.
ئەوان ژمارەیان سەدان كەس دەبێت و لەو ئاوارە شیعانەی كوردانی فەیلی و عەرەبە شیعەكان پێکدێن كە بەهۆی دۆخی ناوچەكانی دیکەی عێراقەوە ماوەی چەند ساڵێكە ئاوارەی شاری سلێمانی بوون و ساڵانە ئەو یادە دەكەنەوە.
سەرەتای یادەكە لە شەقامی سالمەوە بە رێپێوان بەرەو مزگەوتی حسێنییەی شاری سلێمانی دەستیپێكرد، هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندییان گرتبووە بەر بۆ رێگرتن لە هەر روداوێكی نەخوازراو، لە ئێستاشدا یادەكە بە چەند چالاكییەك لە حسێنییەی شارەكە بەردەوامی هەیە.
ئیمام و گوتاربێژی مزگەوتی حسێنییەی سلێمانی عیسمەت قەرانی لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ بەبۆنەی یادی شەهیدكردنی ئیمام حسێنەوە هاتینە دەرەوە و ساڵانە بەم بۆنەیەوە ئەم یادە دەكەینەوە لە حسێنییەی حەكیم لەسلێمانی، ئەم حسێنییەیە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراقی كۆكردەوە لە كورد، عەرەب، سوننیی، شیعە، مەسیحی، ئێزدیی و پێكهاتەكانی دیکە بۆ زیندووكردنەوەی یادەكە".
ئەو گوتی: "خوازیارین چۆن حسێن پێكهاتەكانی گەلی عێراقی یەكخست، بەهەمان شێوە سیاسییەكانی وڵاتیش یەكبگرن لە پێناو ئەوەی عێراق یەكگرتوو بەهێز بێت".
دانیشتوانی شاری سلێمانی كوردی سوننە مەزهەبن، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەهۆی دۆخی ئەمنیی شارەكانی دیکەی عێراق و شەڕی داعشەوە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی عەرەب و پێكهاتەكانی دیکە ئاوارەی شارەكە بوون، ئیمامی حسێنییەی سلێمانیش دەڵێت لە ئێستادا نزیكەی 10 هەزار هاووڵاتیی شیعە مەزهەب نیشتەجێی شاری سلێمانین.
گەنجێكی شیعەی ئامادەكاری رێوڕەسمی عاشوورا لە سلێمانی بەناوی سەید حەیدەر عەلی، لەبارەی بەشداربووانی رێوڕەسمەكەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "جگە لە کەسانی شیعە مەزهەب هاووڵاتییانی سوننیی و ئاوارەكان بەشداریی ئەم رێوڕەسمەن، چونكە ئیمام حسێن تەنها بۆ شیعە نییە و بۆ هەموو موسڵمانانی جیهانە. ئەو كەسانەی هاتوون لە ناوچەكانی دیکەی كەركوك، خانەقین، هەولێرەوە هەروەها و ئاوارەكان هاتوون و وەستانێكە دژی زوڵم و ستەم و نامەیەك دەگەیەنن بەوەی هەرگیز ناتوانن نێوانی پێكهاتەكانی عێراق تێكبدەن".